کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوسرەو کوردپوور بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز راگوێزرا

14:36 - 29 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە سەروبەندی هاتنی ساڵی نوێی کوردی و جێژنی نەورۆز، خوسرەو کوردپوور بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز راگوێزرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،\'\'خوسرەو کوردپوور\'\' رۆژنامەنووسی بەندکراو و چالاکی بواری مافی مرۆڤ، دوێنێ چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی جێ‌بەجێ‌کردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندی شاری تەورێز راگوێزرا.
ئەم رۆژنامەنووسە کوردە کە پێشتر بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بوو، بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی بۆ زیندانی تەورێز راگوێزراوە و تەنانەت ئیزنی کۆکردنەوەی کەلوپەلە شەخسییەکانی لە کاتی راگواستندا پێ نەدراوە.
خوسرەو کوردپووە لە کاتێدا بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز راگوێزراوە کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێی راگەیەنراوە، خۆی بۆ رۆیشتن بۆ دادگا ئامادە بکات.
خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لە رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کران و پاش ٤ مانگ راگیران لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و مەهاباد، بەبێ راگەیاندنی تۆمەتەکەی و مافی کەڵک وەرگرتن لە داواگر (وکیل) لە دەسبەسەریدا بوون و لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگوێزران و لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە لە سێ دانیشتندا بە سەرۆکایەتیی \'\'قازی جەوادی کیا\'\' بە تۆمەتی \'\'کۆبوونەوە، هەوڵدان و چالاکیی تەبلیغی دژی رێژیم\'\' بە گشتی بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ حوکمی زیندانیی تەعزیریدا بەسەردا سەپا.