کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی دەسبەسەرکراوی شاری مەریوان بە دانانی وەسیقەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران

21:03 - 12 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی ٥ چالاکی خوێندکاریی مەریوان، لە ئەنجامدا ٤ کەسیان بە دانانی وەسیقەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، داود قەسیمی کوڕی قادر خوێندکاری کارناسیی رشتەی کۆمەڵناسیی زانستگەی ئازادی تاران، سامان مەحموودی خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستگەی ورمێ، سۆران دانیشوەر خوێندکاری رشتەی شارسازیی زانستگەی کوردستان و محەممەد کۆنەپۆشی خوێندکاری زانستگەی ورمێ، هەر کام بە دانانی ١٠٠ میلیۆن تمەن وەسیقە ئازاد کراون.
هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ئەو ٤ چالاکە خوێندکارییە، خالید محەممەدی خوێندکاری کارناسیی باڵای رشتەی جۆغرافیاش، قۆڵبەست کرابوو.
ئەو ٥ چالاکە خوێندکارییە لە کاتی دەسبەسەر کرانیان لە ١٠‌ی رێبەندانەوە هەتا ١٠‌ی رەشەمە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیرابوون.
دەسبەسەرکراوەکان رێکەوتی ١٠‌ی رەشەمە بۆ زیندانی گشتیی شاری مەریوان راگوێزرابوون.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەک لە چارەنووسی خالید محەممەدی لەبەر دەستدا نییە.

ئەو دەسبەسەر کراوانە هاوکات ماڵەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە پشکێندرابوو و کامپیوتێر و زۆربەی کەرەسە شەخسییەکانیان، لەگەڵ خۆیان بردبوون.
سامان مەحموودی و سۆران دانیشوەر، پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لێ کرابوو.