کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە کۆبانی درێژەی هەیە

20:30 - 17 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات وەک سەقز، پاوە، ئورمیە و کرماشان بۆ پشتیوانی لە کوردستانی رۆژئاوا و بەتایبەت کۆبانی، خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی هێمنانە بەڕێوە دەبەن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ پێنج شەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی سەقز، پاوە و ئورمیە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ کۆبوونەوە بەڕێوە دەبەن.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری کرماشان بۆ پشتیوانی لە هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی رۆژئاوا چالاکی مەدەنی بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی کرماشانی لە کردەوەیەکی مرۆڤدۆستانەدا، رێوڕەسمێک بۆ پشتیوانی لە هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی رۆژئاوا بەڕێوە دەبەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ماڵپەڕێ کوردستان میدیا گەیشتووە، رێوڕەسمێک لە شاری کرماشان لە هۆڵێک لە گەڕەکی کرناچی بەڕێوە دەچێت.

لەو پێوەندییەدا، رۆژی سێشەممە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی مەهاباد رێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بەڕێوە برد کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران بە نێوەچڵی مایەوە.

هاووڵاتییانی مەهابادی بە بەڕێوەبردنی رێپێوان و کۆبوونەوە، کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشیان مەحکووم کرد و بە دروشمی هەتا کوردێک بمێنێ، کۆبانێ هەر دەمێنێ و بژی کۆبانێ پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.
دوای یەکی رۆژ لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیەی هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەزبەر کۆبوونەوەیەکی دیکە بەشێوەی خۆڕسک رێکخرابوو، بەڕێوە چوو.

راپۆرتەکان لە ئورمیە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی رێژیمی ئێران پێشیان لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کوردی شاری ئورمیە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ گرتووە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە سەرەڕای تەئیدی ئەو هەواڵە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی جنایاتی داعش لە شەهرەکی فەرهەنگیان نزیک پاڕکی تخمە مرغی کۆبوونەوەیەکی دیکە بەڕێوە چووە.

هەروەها هاووڵاتییانی خەڵکی رەبەت بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بەشێوەیەکی خۆڕسک کۆبوونەوەیەکیان رێکخست کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە.

شارەکانی سنە، مەریوان، سەردەشت، بۆکان، جوانڕۆ و زۆربەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بە دروشمی جۆراجۆر کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە شاری مەریوان چەندین هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڕێزیان پێکراون و پاشان بە گازی فرمێسک رێژ بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کردووە.

لە کۆبوونەوەیەک کە کاتژمێر ١٥:٣٠ رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی مەریوان پشتیوانی خۆیان لە کوردستانی رۆژئاوا دەربڕی.

بەهۆی بەربڵاوی و کۆبوونەوەی بەرچاوی هاووڵاتییان لە کوردستانی رۆژهەڵات زۆربەی شارەکان لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە میلیتاریزە کراون.

هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی چوارشەممە مانگی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ جار دووهەم جنایاتی گرووپی تیرۆریستی داعشیان بۆ سەر کوردستانی رۆژئاوا بەتایبەت کۆبانێ مەحکووم کرد.

لە بەشێکی بەیاننامەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە: هاوكات لەگەڵ ئەوەی داوامان لە كۆمەڵگای جیهانی ئەوەیە كە بە خێرای بە هانای خەڵكی کوبانی بچن ‌و هەر لەو پێوەندییەشدا داوا لە ئێوە خەڵكی ماف‌ویست ‌و مافخوازی كوردستان دەكەین هەروەك لە رابردودا یارمەتێدەری بەشەكانی كوردستان بوون لە كاتی لێقەوماندا، ئەمجارەش بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی لە رێگای گونجاو ناڕەزایەتی خۆتان بەرامبەر بەو سەركوتە دەرببڕن ‌و پشتیوانی لە داخوازی خەڵكی كۆبانی ‌بكەن\'\'.

لە درێژەی بەیاننامەی هاوبەشیی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەدا هاتووە کە : هاوكات پێویستە كوردانی تاراوگە بە ئەركی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی خۆیان هەڵسن ‌و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شێوازی جۆراوجۆر‌و لەگەڵ دەربڕینی هاوپشتی خۆیان لە هەمانكاتدا پشتیوانیی كۆمەڵگای نێونەتەوەیش بۆ خەڵكی بێ‌تاوانی كۆبانێ‌دەستەبەر بكەن\'\'.

هەروەها بان‌کی‌مۆن سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشی بۆسەر کۆبانێ مەحکووم کرد و ئەو هێرشانەی بە لەشکرکەشی دڕندانە وەسف کرد.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە هانای هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی سووریە بچن.

بان‌کی‌مۆن لەو بەیاننامەیەدا پشتیوانیی کۆمەڵگای جیهانی لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی شاری کۆبانێ بە پێویست لەقەڵەم دا.