کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی هێمنانەی ژنان لە مەریوان بەدژی بڕیاری دادگا، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بە توندوتیژی کێشرا

05:33 - 28 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەكی بەرچاو لەژنانی شاری مەریوان دژ بەبڕیار و بێ‌ رێزی دادگای شاری مەریوان و ناوەندەكانی دیكەی رێژیم بەو توێژە، بە خۆپیشاندان ناڕەزایەتیان دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ٢٧ی خاكەلێوە كۆمەلێك لەژنانی شاری مەریوان بەلەبەر كردنی جلوبەرگی رەنگی سوور رژانە سەر شەقامەكان و بە هەڵگرتنی نووسراوە و پلاكارد بەرگرییان لە ماف و هەروەها بڕیاری دادگای رێژیمیان لەشاری مەریوان شەرمەزار كرد.
بەوتەی شایەتحاڵێك هێزە نیزامییەكانی رێژیم بەمەبەستی سەركوتی خۆپیشاندەران بەكەرەسەی دژە شۆڕش هێرشیان كردۆتە سەر ژنان و لێیان داون.
ئەو ناڕەزایەتیانە لەحاڵێكدایە كە رێكەوتی ٢٦ خاكەلێوە هاووڵاتییەك بەناوی توفیق داباشی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان ولەسەر بڕیاری دادگای رێژیم لەشاری مەریوان جلوبەرگی رەنگی سووری ژنانەی لەبەر كرابوو و لەشوێنە گشتییەكانی ئەو شارە پیشانی خەڵكیان دابوو.
چالاكانی ژنانی مەریوان لەو باوەڕەدان ئەو كارەی ناوەندەكانی رێژیم بێ‌رێزییە بە جێگە و پێگەی ژن.

وێنە: لاپەڕەی ژنانی مەریوان