کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک بۆ پشتیوانی لەکۆبانێ لە برووکسل بەڕێوەچوو

15:05 - 10 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی هاوبەشی کوردستانییان لە بلژیک، بە مەبەستی راکێشانی سەرنج و پشتیوانیی ئورووپاییەکان بۆ کۆبانێ، خۆپێشاندانێکیان لەبەردەم کۆمیسیۆنی ئورووپا لە برووکسل بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی کاتژمێر ٢ی دوانیوەرۆ، رێکخراوی هاوبەشی کوردستانییان لە بلژیک کە لە چەند حیزبی سیاسیی هەر چوارپارچەی کوردستان پێکهاتووە، بە مەبەستی راکێشانی سەرنج و پشتیوانیی دامودەزگا و رێکخراوە ئورووپاییەکان لە شاری برووکسل بۆ هێرشەکانی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لەبەردەم کۆمیسیۆنی ئورووپا خۆپێشاندانێکی ساز کرد.

لەو خۆپێشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان و چەندین کەسایەتیی سەربەخۆی کورد بەشدار بوون.

ئەم چالاکییە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانییان لە بلژیک بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، هولەندی و فەڕانسەوی خوێندرانەوە.

لە کۆتایی ئەم چالاکییە هاوبەشە نەتەوەییەدا، نامەی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانییان لە بلژیک بە زمانەکانی ئینگلیزی، هولەندی و فەڕانسەوی لەلایەن لێژنەیەکی ئەم رێکخراوە هاوبەشە کوردییەوە، بردرایە کۆمیسیۆنی ئورووپا و لەوێ رادەستی بەرپرسانی ئەم کۆمیسیۆنە کرا.

لەو خۆپێشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – بلژیک بەشدارییان کردبوو.

رێکخراوی هاوبەشی کوردستانییان لە بلژیک لەچەندین حیزبی سیاسیی هەر چوار بەشی کوردستان پێکهاتووە و هەتا ئێستا چەندین کار و چالاکی بەڕێوە بردووە.