کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی ئاستی رکابەرایەتیی ئابووریی ئێران

18:10 - 12 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: ئاستی ئابووریی ئێران بەردەوام رووی لە دابەزینە و ئەمجار بە پلەیەک دابەزین لە ریزبەندی رکابەرایەتیی ئابووری جیهان‌دا، لە پلەی ٨٣ دا جێی گرت.
کۆمەڵەی جیهانی ئابووری لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە، رکابەرایەتیی ئابووریی ئێران بە پلەیەک دابەزین بە نیسبەت ساڵی پێشوو، لە نێوان ١٤٤ وڵاتی جیهاندا پلەی ٨٣ی بۆخۆی مسۆگەر کردووە.

دوای سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان کە لەلایەن ئامریکا و یەکیەتی ئوروپاوە دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، ئابووری ئەو وڵاتە بەردەوام رووی لە دابەزین کرد.

ئێران ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بە ١٦ پلە دابەزین بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە لیستەی کۆمەڵەی جیهانی ئابووری‌دا، وەکوو٨٢مین وڵاتی جیهان لە باری رکابەرایەتیی ئابوورییەوە جێی گرتبوو.

کۆمەڵەی جیهانی ئابووری لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەدواوە هەموو ساڵێک لە ژێر ناوی راپۆرتی رکابەرایەتی جیهانی لەسەر بنەمای پێوەری رکەبەرایەتیی جیهانی راپۆرتێک بڵاو دەکاتەوە.

پلە و ئاستی وڵاتەکان لەو راپۆرتەدا دەرخەری توانای هەر وڵاتێک لە باری هەناردەکردن و هاوردەکردن بۆ دابینکردنی خۆش‌بژیوی هاووڵاتییان لە دوو ماوەی کورت خایەن و نێونجی‌ دایە.