کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە ئێران، بژیوی ژیانی ١٦ میلیۆن کەسی پەک خستۆتە

21:59 - 19 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: داخرانی زیاتر لەسەدا ٨٠ی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە ئێران ژیانی ١٦ میلیۆن کەسی خستۆتە مەترسییەوە.
رۆژنامەی شەرق بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو دابین نەکردنی بوودجەی پێویست لە ئێران بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، بۆتە هۆی ئەوە کە زیاتر لەسەدا ٨٠ی ئەو پرۆژانە داخرێن، یان کۆ کۆ بکرێنەوە.

بەپێی ئامارەکان، بەهۆی داخرانی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە زیاتر لە ٤ میلیۆن \'\'کرێکاری وەرزی\'\' لە ئێراندا بێکار بوون.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە نەمانی ٤ میلیۆن کار، بژیوی ژیانی ١٦ میلیۆن هاووڵاتیی ئێرانی دژوار کردووە و ژیانی ئەو کەسانەی راستەوخۆ خستۆتە مەترسییەوە.

داخرانی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنان و دواتر گەمارۆ ئابوورییەکانی دژ بە رێژیمی ئێران، ئەو رەوتەی پەرە پێداوە و بەردەوام درێژەی هەیە.

دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران، بەتایبەت ناوچە کوردنشینەکان و پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆتە هۆی ئەوە کە زۆربەی یەکەکانی بەرهەمهێنان داخرێن، یان کۆبکرێنەوە و ئەوەش وای کردووە کە نرخی بێکاری لەو پارێزگایانە زیادتر بێت.