کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادوەرانی دادگای میکۆنۆس لە ئەمریکا خەڵات کران

14:00 - 8 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی رێزلێنانی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئەمریکا پێشکەش بە دادوەرانی دادگای میکۆنۆس کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ ئەنجومەنی پارێزەرانی ئەمریکا رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمە، لە دادگای فیدراڵی ئەو وڵاتە لە شاری نیۆیۆرک، رێزی لە بەرپرسانی سەرەکیی بەدواداچوونی پەروەندەی تیرۆری میکۆنۆس گرت و خەڵات و سپاسنامەی پێشکەش بەو پارێزەرانە کرد.
لەو رێوڕەسمەدا باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە ئاڵمان، رۆیا حەککاکیان نووسەری پەرتووکی \'\'بکوژانی کۆشکی فیرووزە\'\' و کۆمەڵێک لە پارێزەر و قازییەکانی ئەمریکا قسەیان کرد و هەوڵی قازییەکانی دادگای میکۆنۆسیان بۆ دادکۆکی لە دادپەروەری بەرز نرخاند.
پاشان قازییەکانی دادگای میکۆنۆس لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم دادگاکە قسەیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان لە سەرخستنی دادپەروەری و راگرتنی ماشینی تیرۆریزمی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەربڕی.
کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا و کانادا لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون.
شەریف بێهرووز نوێنەری حیزب لە ئەمریکا و کەنەدا لە میانەی رێوڕەسمەکەدا چاوی بە رێکخەرانی رێوڕەسمەکە و قازییەکانی دادگای میکۆنۆس کەوت و وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکرات لەو هەنگاوە، سپاسنامەی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش بەو پارێزەرانە کرد.
دادگای پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاورێکانی لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی بەڕێوەچوو، چوار ساڵ دواتر لە سالی ١٣٧٦ی هەتاوی، حوکمی ٥ تاوانباری ئەو کارەساتە کازم دارابی تەبەعەی ئێرانی و چوار تەبەعە لوبنانی پەسند کرا و خامنەیی رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، رەفسەنجانی، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو کاتی رێژیم و هەموو بەرپرسانی رێژیمی ئێران بە دەست تێدا بوونیان لە تیرۆری میکۆنۆس ئاشکرا بوو و لەلایەن ئەو دادگایەوە پژڕاست کرایەوە.
ئەمە یەکەمین جارە یەکیەتیی پارێزەرانی ئەمریکا خەڵاتێکی لەو چەشنە پێشکەش دەکات.