کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی سەردەشت بە ئەنقەست لەناو دەبرێن

21:55 - 29 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: شارەوانیی شاری رەبەت بە بیانووی دروستکردنی شەهرەک دەستیان کردووە بە لەناوبردنی و بڕینی ٧ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رەوتی لەناوبەردنی بە ئەنقەستی دارستانی گوندی \'\'هورموزاوێ\'\'ی سەربە شاری رەبەت لە شارستانی سەردەشت لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە لە رێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕەوە دەستی پێ کردووە.

بە وتەی شایەتحاڵان، شارەوانیی شاری رەبەت دەیهەوێ بەبیانووی دروستکردنی شارەکی پیشەیی، لانیکەم ٧ هێکتار لە دارستانەکانی گوندی \'\'هورموزاوێ\'\' بە تەواوەتی ببڕێت و لەناو بەرێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، چالاکانی ژینگەپارێزی کورد لەهەمبەر ئەم هەوڵە دژە ژینگەیی‌یەی شارەوانیی رەبەت ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری ئەوە بوون کە شارەوانی واز لەو پرۆژەیە بهێنێت.

لەناوبردن و تێکڕووخاندنی دارستان و ئاسەوارە سروشتییەکان لە کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە رێگەی کەسانێکی هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەوە ئەنجام دەدرێت.

کارناسانی ژینگە لەو بڕوایە دان کە ئاستی بەربڵاویی لەناوچوونی ژینگەی سەردەشت و دەوروبەری بە رادەیەکە کە لە کارەساتێکی ژینگەیی نزیک دەبێتەوە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی رێژیم و بەتایبەت ئیدارەی ناسراو بە ژینگە پارێز هیچ چەشنە هەوڵێک لەمەڕ پێشگیری لەم کارەساتە ژینگەیی‌یە ئەنجام نادەن.

لەم پێوەندییەدا لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتێکدا کە پشووی فەرمی بووە چەند کەسێکی هەلپەرست کە بە وتەی هاووڵاتییان لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم بوون لە شاری بانە دەستییان داوەتە لەناوبردنی ژینگە.

ئەو دەست و پیوەندییانەی رێژیم بە بڕینی دارستان و تێکدانی لێڕەوارەکان زەربرێکی کاریگەریان لە ژینگەی کوردستان داوە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم هیچ دژکردەوەیەک نیشان نادەن.