کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داسەپاندنی سزای زیندان و جەریمەی نەختی بۆ سێ هاووڵاتیی کورد لە سنە

22:57 - 18 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای زیندان و جەریمە نەختییان بەسەردا سەپا.
هەواڵدەریی هرانا ناوی ئەو سێ هاووڵاتییەی میعاد ئەحمەدی، عێزەت گوڵپەری پوور و شاهۆ حەیدەری بڵاو کردووتەوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \'\'هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردی ئوپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران و بێ‌حورمەتی بە خومەینی\'\' دادگایی کراون.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، میعاد ئەحمەدی به ٢ ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ ماوەی ٥ ساڵ و جەریمەی ٥ میلیۆن تمەن پارەی نەختی، سزا دراوە.

هەروەها عێزەت گوڵپەری پوور و شاهۆ حەیدەری هەرکام بە سێ مانگ زیندان مەحکووم و هەنووکە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش دروستکردنی پەروەندە و تێپەڕکردنی یەک مانگ لێپێچینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شار سنە راگوێزراون کە هەنووکە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.