کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی نەوتی رێژیمی ئێران بەهۆی گەمارۆکان لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە

14:07 - 27 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی و وتەبێژی ئابووریی دەوڵەتی رێژیمی ئێران، رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان داهاتی نەوتی ئێران لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.
شەمسەدین حوسێنی لەم پێوەندییەدا بە واحد مرکزی خبر گوتووە، داهاتی نەوت لەگەڵ کەمیی ٥٠%ی بەرەوڕوو بووەتەوە و بەهۆی ئەو کەموکۆڕییانە کە بۆ هەناردەی نەوتی ئێران پێش هاتووە، بوودجەی ئەمساڵ بۆ سەرچاوەکانی داهات لە ١٤٤ هەزار میلیارد تمەنەوە بۆ ٩٥ هەزار میلیارد تمەن دابەزیوە.
ئەمریکا و ئورووپا خولێکی نوێی گەمارۆیان بە دژی رێژیمی ئێران پەسەند کردووە و ئامانج لەو کارەشیان، پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتە ناوکییەکانی ئەو رێژیمە راگەیاندووە.
پێشتریش لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە کەم بوونەوەی رێژەی فرۆشی نەوت بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لێدوانیان داوە و محەممەد رەزا باهونەر جێگری بەرپرسی مەجلیسی رێژیم، لە چەند مانگی رابردوودا گوتبووی، رێژەی فرۆشی نەوتی رێژیمی ئێران بۆ یەک میلیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دابەزیوە، کە ئەمەش لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتی و لێپرسراوانی ئەمریکاییەوە پژڕاست کرایەوە.
محەممەد رەزا باهونەر گوتبووی فرۆشی نەوتی رێژیمی ئێران نائاساییە و ئەو بەشە نەوتەش کە دەفرۆشرێ، بەهۆی گەمارۆکان پارەکەی بە دەستمان ناگات.
دابەزینی ئەم رێژەیە لە فرۆشی نەوتی ئێران، لە مانگێکدا ٥ میلیارد دولار زیانی بە ئابووریی رێژیمی ئێران گەیاندووە.
بەپێی تازەترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بەرهەمهێنانی نەوتی رێژیمی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.
رێکخراوی ئوپێک رۆژانە ٣٠ میلیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و رێژیمی ئێران داوای لێ کردووە ئەو بەرهەمهێنانە بگەیەنێتە ٢٨ میلیۆن بەرمیل لە رۆژدا.