کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی رێژیم لەمەڕ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ غەزە لە سەردەشت بێ وەڵام مایەوە

22:46 - 1 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی تەلەفۆنی مۆبایلەوە بە کورتەنامەیەک کە هەڵگری ژمارەی حیسابێکی بانکی بووە داوای یارمەتیی لە هاووڵاتییانی شاری سەردەشت بۆ غەزە کردووە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە چەند رۆژی رابردوودا پاش پێشوازیی بەرینی خەڵک لە شەپۆلی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ ئاوارەکانی شنگال لە هەرێمی کوردستانی باشوور، رێژیم سەرەڕای ئەوەی کەلە هەوڵی زەوتکردنی یارمەتییەکان بووە لە رێگەی مۆبایلەوە ژمارە حیسابی بۆ هاووڵاتییان ناردووە و بۆ غەزە داوای یارمەتیی لێ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هاووڵاتییانی کورد لە شاری سەردەشت هیچ چەشنە پێشوازییەکیان لەو بانگەوازەی رێژیم نەکردووە و تەنیا خەمی شاری سەردەشت، کوردەکانی شنگال و ئێزدییەکانی هەرێمی کوردستانن کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە هەنووکە رۆژەڤی شاری سەردەشت کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال و هەرێمی کوردستانە و هیچ گرینگییەک بە غەزە نەدراوە.

هاووڵاتییان ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەو هەواڵانەی رێژیم دەربڕیوە و رایانگەیاندووە: \'\'ئێمە یارمەتی کەسێک نادەین کە بۆ خۆیان دەمانکوژن و ئاوارەمان دەکەن\'\'.

ئەو سەرچاوە وتیشی: هەروەها هاووڵاتییانی کورد لە شاری سەردەشت شانازی بە کورد و کوردستانەوە دەکەن و بە سینگێکی فراوان و دڵێکی ئاوەڵاوە یارمەتییەکانیان پێشکەش بە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانی باشوور کردووە.