کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای هاوکاریی رێژیمی ئێران لە ئاژانسەکانی گواستنەوەی هاووڵاتیان لە شاری مەهاباد

16:43 - 30 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێسلامیی ئێران داوای لە ئاژانسەکانی گواستنەوەی نێو شاری مەهاباد کردووە کە بۆگەشتیی شەوانە هاوکاریی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم بکەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیران بە ئاژانسەکانی شاری مەهابادی راگەیاندوە کە هەر ئاژانسێک دەبێ شەوانە ٣ شۆفێری خۆی بۆ هاوکاریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەتیەکان و گەشتیی شەوانە بناسێنێت.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: رێژیمی ئێران دەیەوێت بۆ ناسینی کەسانێک کە بە وتەی خۆی گۆمانیان لە سەرە، لە گەشتیی شەوانەی شۆفیر تاکسییەکان بە ماشینی ئاژانسەکانی گواستنەوە کەڵک وەربگرێت.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا وتی کە شۆفیرەکان لەمەڕ ئەو داواکارییەی رێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و رایانگەیاندووە کە ئەم داواکارییە قبوول و جیبەجێ ناکەن.

بەپیی راپۆرتەکان، رێژیمی ئێران بە بەرپرسی ئاژانسەکانی گواستنەوەی راگەیاندووە کە هەر شۆفیرێک ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات مافی کار کردنیان لێوەردگیرترێتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە ئاژانسەکانی گواستنەوە و تاکسییەکان بۆ پرۆپاگەندی بۆنەکانی رێژیم وەک، دەهەی فەجر و ساڵرۆژی مردنی خومەینی کەڵک وەردەگرێت.

هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی مردنی خومەینی، رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە زۆربەی شارەکانی ئێران، شۆفیر تاکسی و ماشێنە گشتییەکان ناچار دەکات کە پوستێری تایبەت لە ماشێنەکانیان بدەن.