کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژبوونەوەی وادەی دانووستانەکان، هەلی زێڕین بۆ ئێران لەمەڕ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکییە

17:52 - 29 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: هەواڵی درێژبوونەوەی دانووستانە ناوەکییەکانی شەش وڵاتی زلهێزی جیهان لەگەڵ رێژیمی ئێران، دژکردەوەی زۆربەی کارناسان و هەروەها نوێنەرانی کۆماریخوازی مەجلیسی ئەمریکای لێ کەوتەوە.
شەشەمین خولی دانووستانەکانی ئێران و گروپی ١+٥ (ئاڵمان، فەڕانسە، رووسیە، چین، ئەمریکا و بریتانیا) رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ لە بارەگای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری ڤییەن دەستی پێکرد.

بڕیار بوو ئەو دانووستانانە ١٨ رۆژ بخایەنێت و لە رێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ، دوایین دەرفەتی دیاریکراو بێت لە خولی ٦ مانگەدا.

دانووستانە ناوەکییەکانی رێژیمی ئێران پاش تێپەڕبوونی ١٨ رۆژ و کۆتایی هاتنی رێککەوتنی کاتیی ٦ مانگە، بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی پێهات و دوو لایەنی دانووستانکار بەهۆی هەبوونی کێشە قووڵ، رێککەوتنەکانی کاتیی ناوکیی \'\'ژنێڤ\'\'یان بۆ ماوەی ٤ مانگی دیکە واتا هەتا رێکەوتی ٢٤ی مانگی نۆڤامبری داهاتوو درێژکردەوە.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵی درێژکرانەوەی ٤ مانگەی دانووستانەکان لەلایەن وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران و کاترین ئەشتۆنەوە، نوێنەرانی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا دژکردەوەی توندیان نیشان دا و ئەو کردەوەیان بە کڕێنی کات و هەوڵ بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە وەسف کرد.

باب کۆڕکێر سێناتۆری کۆماریخواز و ئەندامی پایەبەرزی کومیسیۆنی پێوندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ درێژبوونەوەی رێککەوتنی ژنێڤ رایگەیاند: \'\'سەرەڕای ئەو مەسەلەیە هەر هەوڵێکی دیپلۆماتیک بۆ گەیشتن بە ئانجامێک و دوورخستنەوەی ئێران لە چەکی ناوکی، دەبێ بە تەواوی هێز و توانا پێشگیری لێ بکرێت؛ من لە دەوڵەتم دەوێ دیاری بکات کە درێژبوونەوەیەکی دیکە لە ئارادا نییە چونکە ئەو کارە تەنیا دەسەڵاتی ئێمە دادەبەزێنێ. سەرکۆمار راست وەکوو ئەو شتەی کە ساڵی رابردوو لە سووریە رووی دا هەڵسوکەوتی کرد، دەبێ بۆ پەسندکردنی ئەو بابەتە بێتە کۆنگرە هەتا هەمومان بتوانین هەرجۆرە رێککەوتنێک بە باشی و سەرنجی تەواو تاوتوێ بکەین و ئێران ناچار بکەین پاشگەز بێتەوە.

ئەو سێناتۆرە هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: \'\'دەبێ خاڵی کۆتایی بۆ دانووستانەکان پشت گوێ نەخەین و لە هەمان کاتدا کۆنگرە بتوانێت رێککەوتنی کۆتانی هەڵسەنگێنێت و ئێران ناچار بە پابەندبوون بە خاڵەکانی رێککەوتنەکە بکات.

لەو پێوەندییەدا ئیلیا راس لی تنین\'\' نوێنەری کۆماریخواز و سەرۆکی کومیسیۆنی لاوەکیی تایبەت به پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەیاننامەیەکدا دژایەتیی خۆی لەمەڕ درێژبوونەوەی دانووستانەکان لەگەڵ ئێران دەربڕی و بە ئەنجامی، بردنەوە ـ بردنەوە بۆ ئێران لە قەڵەمی دا.

سەرۆکی کومیسیۆنی لاوەکیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەجلیسی سنا، جەختی کردەوە کە درێژبوونەوەی دانووستانە ناوەکییەکان هەڵە بووە و داوای لە کۆنگرەی ئەمریکا کرد کە گەمارۆ ئابوورییەکان دژ بە ئێران زیاتر بکات.

لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ئەو نوێنەرەی سێناوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: هەواڵی رێککەوتنی کاتیی دەوڵەت و گرووپی ١+٥ و ئێران بۆ چوار مانگی دیکە، بەو مانایەیە کە ئێران پابەند بە لەناو بردنی بەرنامەی ناوکی خۆی نییە.

ئێلیا راس لی تنین، هەروەها وتی: وڵاتانی زلهێزی جیهان لەمەڕ درێژبوونەوەی دانووستانەکان فریویان خواردووە و رێژیمی ئێران لەو بارودخە هەستیارەدا دەستی بە چەکی ناوکی رادەگات.

ئەو نوێنەرە کۆماریخوازە لە درێژەی وتەکانی خۆیدا وتی: \'\'لە کاتی بەکاربردنی بەرنامەی کردەوەی هاوبەش (اعمال برنامه مشترک اقدام)، ئێران لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە ئەراک، بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم لەمەڕ دروستکردنی چەکی ناوکی درێژەی بە چالاکییەکانی داوە، مۆڵەتی بە پشکێنەرانی ئاژانسی نەداوە کە سەردانی سایتی پارچین بکەن؛ لە ناردنی راکێت بۆ حماس بەردەوامە و رایگەیاندووە کە دەیهەوێ ژمارەی مووشکە باڵستیکـەکانی هەتا ساڵی ٢٠١٥ زیاد بکات و بۆ یارمەتیدان بە رێژیمی خوێنڕێژی سووریە نەوتی بۆ ئەو وڵاتە هەنارەدە کردووە. کۆنگرە دەبێ ئەو شتەی کە دەوڵەت نەیویست ئەنجامی بدات و بەکاری بێنێت، ئێمە دەبێ گەمارۆکان زیاتر بکەین و لە دەست پێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران و دامەزرانی ژێرخان بۆ پیتدانی ئۆرانیۆم و دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی پێشگیری بکەین.

لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی دژایەتی نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا لەگەڵ درێژەبوونەوەی ماوەی دانووستانە ناوکییەکان، ئێد رۆیس، نوێنەری کۆماریخواز و سەرۆکی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، لە دژایەتی لەگەڵ بڕیاری دەوڵەتی باراک ئۆباما لەمەڕ درێژبوونەوەی ٤ مانگەی دانووستانە ناوکییەکانی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و درێژبوونەوەی ئەو دانووستانانەی چەشنی تەرخانکردنی بوودجە بۆ رێژیمی ئێرانی وەسف کرد.

لە بەیاننامەی ئێد رۆیسدا هەروەها هاتووە: ئێران بە نمایشی هەمیشەیی پۆلیسی باش ــ پۆلیسی خراپ و بەپشت بەستن بە ئیدعای پووچی دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ هەبوونی ١٩٠ هەزار سانتریفووژ، توانیویەتی کات بکڕێت؛ ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێران بە هەڵسووڕانی سانتریفووژەکانی وا بیر دەکاتەوە کە کات بە قازانجی ئەو تەواو دەبێت.

ئەو زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان بۆسەر ئێران بە کارتی براوە بۆ ئەمریکا دەزانێت و وتوویەتی: دەوڵەت دەبێ لە هەوڵەکانی کۆنگرە بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆسەر رێژیمی ئێران پێشوازی بکات.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا سەرۆکی کومیسیۆنی دەرەوەی سێنا لەسەر ئاشتیخوازانە نەبوونی بەرنامەی ناوەکی رێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە.

رۆژئاوا، رێژیمی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە رێژیمی ئێران لە هەوڵی دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکییە؛ تۆمەتێک کە رێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەو رێژیمە رەت دەکەنەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە بەرنامە ناوکییەکەیان ئاشتیخوازانەیە.