کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوابەدوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەكان، سێ‌ هاووڵاتیی كورد بەتەقەی هێزەكانی رێژیم بوون بە قوربانی

17:06 - 30 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: سێ‌ هاووڵاتیی مەدەنیی سەردەشتی لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا هاووڵاتییەك گیانی لەدەست دا و دووی دیكەش بەتوندی بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٩‌ی جۆزەردان سێ‌ هاووڵاتیی كورد كە بە ماشێن لەحاڵی تێپەڕین بە شوێنێك بەناوی بەردە ئەسكەندەر لەنێوانی گوندەكانی گولێنە و شەڵماشدا لەناوچەی سەردەشت بوون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە درانە بەر دەستڕێژ.
لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییە هاووڵاتییەك بەناوی پەیمان كوڕی ئەحمەدە سوور و خەڵكی ئاوایی زووران گیانی لەدەست دا و دوو هاووڵاتیی دیكەش بە ناوەكانی جەلال كوڕی ساڵە، خەڵكی ئاوایی خرێ‌ ئاغەڵ و عوسمان كوڕی وەستا خدر دانیشتووی سەردەشت بەتوندی بریندار بوون.
ئەو دوو هاووڵاتییە بریندارە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت كراون.
بەوتەی شایەتحاڵان، هێزە ئینتزامییەكان بەگومانی كەڵوپەلی قاچاغ تەقەیەیان لەو هاووڵاتییە كوردانە كردووە و ئەمە لەحاڵێكدا بووە كە هیچ كەلوپەڵێكیان پێ‌ نەبووە.
هاووڵاتێکی شاری سەردەشت بە کوردستان میدیای وت: ریژیمی ئێران لەباتی رفاە و خۆشگوزەرانی مەرگی بە دیاری بۆ خەڵکی کورد هێناوە و وتیشی، هەڵبژاردنەکان تەواو بوو و کوشتاری خەڵکی کوردیش دەستی پێکردەوە.