کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوابەدوای كوژرانی چەكدارێكی سپای پاسداران لە ناوچەی سەلاس، ژمارەیەك هاووڵاتی دەستبەسەر كران

17:09 - 17 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی و كۆڵبەری كورد، دوابەدوای كوژران و بریندار بوونی دوو ئەندامی سپای پاسداران، دەستبەسەر كران.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شەوی شەممە رێكەوتی ١٦‌ی خەرمانان ژمارەیەك كۆڵبەر و هاووڵاتیی مەدەنی لەلایەن هێزەكانی سەر بە پاسگای شێخ سڵە لە ناوچەی سەلاس دەستبەسەر كراون.
جەوهەر رەمەزانی، سالار خودامورادی، عەدنان بارامی، عومەر بارامی و جەماڵ مورادی، ناوی ژمارەیەك لە دەستبەسەر كراوەكانن.
بە وتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو كەسانەی كە ژمارەیان نزیك بە ٣٠ كەس دەبێت، بە هۆیەكی ناڕوون دەستبەسەر كردووە.
سەر لەبەیانی رۆژی شەممە رێكەوتی١٦ی خەرمانان هێزەكانی رێژیمی ئێران لەناوچەی سەلاس هێرشیان كردبووە سەر كۆڵبەرانی و هاووڵاتییانی مەدەنیی كورد و لە ئەنجامدا دوو كەس لە چەكدارەكانی سپای پاسداران كوژران و بریندار ببوون.


بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار كۆڵبەرێكی كوردیش لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بریندار بووە.
بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی \'\'كوردستان میدیا\'\' لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا ٧ كۆڵبەری كورد بە تەقەی هێزە نیزامییەكان بوونەتە قوربانی.
لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢ كەس كوژراون و ٥ی دیكەش بریندار كراون.
ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری كوردستان میدیا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.