کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای هەڕەشەکانی ئیمام جومعەی شاری پاوە، دوو چالاکی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی ئەو شارە دەسبەسەر کران

15:47 - 16 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: دوو چالاکی فەرهەنگی ــ ئەدەبی لە شاری پاوە پاش پەرچەکردار بە بێ‌حورمەتییەکانی مەلاقادر قادری ئیمام جومعەی پاوە بە چالاکانی فەرهەنگی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا: کەیهان عەزیزی و داود غەفاری دوو چالاکی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.

ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە بە تۆمەتی بێ‌رێزی کردن بە ئیمام جومعەی شاری پاوە کە هاوکات نوێنەری وەلی فەقیهــە دەسبەسەر کراون.
بە وتەی کەسانی ئاگادار، دۆخی جەستەیی کەیهان عەزیزی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا تێک چووە و بەو هۆیەوە رەوانەی زیندانی شاری پاوە کراوە.
رێکەوتی ٢٦‌ی بەفرانبار لە رێوڕەسمی پرسەی مام عەلی رەحمانی کەسایەتیی ناسراوی ناوچەی هەورامان، کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە دەقێکیان لە ژێر ناوی پەیڤێک بۆ سەرەخۆشی نووسیبوو و لەوێدا خوێندیانەوە.
لەو پێوەندییەدا مەلا قادر قادری ئیمام جومعەی شاری پاوە لە کاتی چوون بۆ رێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەو کەسایەتییە، ئەو پەیامەی بە شتێکی گاڵتەجاڕ و دژە ئایین لەقەڵەم دابوو.

3923.jpg


ئیمام جومعەی شاری پاوە وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بەو پەیامە وتبووشی: پێویستە زەخت و گوشار بخرێتە سەر چالاکانی فەرهەنگی و ئەو کەسانەی کە ئەو پەیامەیان نووسیووە بە توندی لێپرسینەوەیان لێ‌بکرێت.
دوابەدوای ئەو قسانە دوو کەس بە ناوەکانی کەیهان عەزیزی و داود غەفاری، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە لەو رێوڕەسمەدا پەرچەکرداریان بە بێ‌حورمەتییەکانی مەلا قادر قادری نیشان دابوو.