کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی ئێرانی بە پاسپۆرتی ساختەکراو لەلایەن پۆلیسی دژە تیرۆری کنیاوە دەستبەسەرکران

21:23 - 31 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: پۆلیسی دژە تیرۆری کنیا دوو هاووڵاتیی ئێرانی بە پاسپۆرتی ساختەکاریی ئیسرائیل کە بۆ وڵاتی بڵژیک دەڕۆییشتن لە فڕۆکەخانەی نایرووبی دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی \'\'فەڕانسە مانگی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی ئێرانی کە بە پاسپۆرتی ساختەکاری لە وڵاتی ئەرمنستانەوە چووبوونە وڵاتی کنیا لەلایەن پۆلیسی دژە تیرۆری ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کران.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ئەمساڵ سەرۆکی کاتیی پۆلیسی دژە تیرۆری کنیا رایگەیاند کە دوو هاووڵاتیی ئێرانی کە ژنێک و مێردێک بوونە، ویستوویانە لە کنیاوە بچنە وڵاتی بلژیک.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو هاووڵاتییە ئێرانییە بە پاسپۆرتی ساختەکاری ئیسرائیلی ویستوویانە بچنە بلژیک و لە فڕۆکەخانەی نایرووبی کنیا لەلایەن پۆلیسی دژە تیرۆرەوە بە گومانی بەرنامەرێژی بۆ عەمەلیاتی تیرۆریستی دەستبەسەر کراون.

ساڵی رابردووش دوو هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی هەڵگرتنی تەقینەوە بۆ عەمەلیاتی تیرۆریستی لە کنیا دەستبەسەر و بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کران.

وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ئامریکا لە راپۆرتی ساڵانە خۆیدا لە بارەی تیرۆریزمی جیهانیدا دەڵێت: رێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتیوانی سەرەکی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە جیهاندایە.

دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی وڵاتانی ئامریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، ئاڕژانتین و بریتانیا رێژیمی ئێرانیان بە کردەوەی تیرۆریستی مەحکووم و ئەو وڵاتەیان وەکوو پشتیوانی سەرەکیی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ناساندووە.

دەوڵەتی ئامریکا رێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لووبنان و چەند گرووپی فەلەستینی تاوانبار دەکات کەلە لیستی گرووپە تیرۆریستیەکان دان.

هەروەها ئامریکا سپای پاسدارنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و وەزارەتی بەرگریی ئەو رێژیمەی لە لیستی گرووپە تیرۆریستیەکان‌دا جێگیر کردووە.

تیرۆری میکۆنووس و ڤییەن لە ساڵەکانی ١٣٧١ و ١٣٦٨ی هەتاوی کە دوکتور شەرەفکەندی و دوکتور قاسملوو، سکرتێرەکانی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن تیرۆریستەکانی رێژیمی ئێرانەوە شەهید کران لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران هەژمار دەکرێن.