کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو كۆڵبەری خەڵكی بانە لەپێناو دابین كردنی ژیان، گیانیان لەدەست دا

18:18 - 21 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: دوو كۆڵبەری كورد لەناوچە سنوورییەكانی بانە لەپێناو دابین كردنی بژێوی ژیان، گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٠ی خەرمانان كۆڵبەرێكی كورد بەناوی سەردار شەریف سالار كوڕی حوسێن‌ی عەلی شیرین لەدایك بووی ئاوایی بایندەری ناوچە بانە، گیانی لەدەست دا.

سەردار لە خاڵی سنووری هەنگەژاڵ لەئەنجامی تەقەی هێزەكانی رێژیم تووشی راوەستانی دڵ (جەڵتە) بووە و گیانی لەدەست داوە.

بەوتەی ژمارەیەك كۆڵبەر كە هاوڕێی سەردار بوونە، ئەو بارەی كە بە كۆڵی سەردارەوە بووە زۆر قورس بووە و هەروەها كاتێكیش كە لەلایەن هێزە نیزامیەكانەوە تەقەیان لێكرابوو، سەردار تووشی ترس و دڵەڕاوكێی ببوو و سەکتە لێدابوو.

سەردار شەریف سالار خێزاندار بوو و تەنیا بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانی رووی لە پیشەی كۆڵبەری كردبوو و دانیشتووی شاری بانە بوو.

لەلایەكی دیكەوە سەر لەبەیانی ئەمرۆ پێنج‌شەممە رێكەوتی ٢١ی خەرمانان كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بە ناوی یوونێس كوڕی محەممەد خەڵكی ئاوایی كانی شیلانی بانە بە هۆی رووداوێكی نەخوازراوەوە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی شایەتحاڵان ئەو كۆڵبەرە كوردە بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست داوە.

كۆڵبەرانی كورد بێجگە لە رووداوی سروشتی و نەخوازراو بە بەردەوامیش هەڕەشەی كوشتنیان لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە لەسەرە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا لەسەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا ٥ كۆڵبەری كورد بە تەقەی هێزەكانی رێژیمی ئێران لە ناوچەكانی كوردستان بوونەتە قوربانیی.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە كۆڵبەرێك كوژراوە و چواری دیكەش بریندار كراون.