کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو كۆڵبەری سەقزی و بانەیی بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران كوژران و بریندار كران

17:36 - 14 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێران لەناوچەی بانە تەقەیان لەدوو كۆڵبەری كورد كردووە و لەئەنجامدا كۆڵبەرێك گیانی لێ‌ئەستێنراوە و یەكێكی دیكەش بە توندی بریندار بووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شەوی ١٣‌ی خەرمانان هێزەكانی سەر بە پاسگای بایندەرە لەناوچە سنوورییەكانی بانە پۆلێك لە كۆڵبەرانی كوردیان داوەتە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا كۆڵبەرێكی كورد بە ناوی محەممەد شەریفی خەڵكی ئاوایی بایندەرەی سەر بە شاری بانە گیانی لەدەست داوە.
هەر لەئەنجامی ئەو تەقەكردنەدا كۆڵبەرێكی دیكە بەناوی عەبدوڵڵا خەڵكی سەرشیوی سەقز بە توندی بریندار بووە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیاریەك لە دۆخی تەندروستی عەبدوڵڵا لەبەر دەستدا نیە.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەماوەی ٤٥ رۆژدا ( سەرەتای مانگی گەلاوێژ هەتا ١٤ی خەرمانان)، ٢٠ كۆڵبەر و هاووڵاتیی مەدەنیی بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران كوژراو و بریندار كراون.
لەکۆی گشتی ئەو رێژەیە، ٧ كەس كوژراون و ١٣‌ی دیكەش بریندار كراون. تەنیا لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە دوو كۆڵبەر كوژراون و دووی دیكەش بریندار كراون.