کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور فواد مەعسووم وەکوو سەرکۆماری نوێی عیراق هەڵبژێردرا

22:24 - 2 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: دوکتور فواد مەعسووم کاندیداتۆری هاوپەیمانیی کوردستان لە پارلمانی بەغدا، بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان، کورسیی سەرکۆماریی عێراقی فیدراڵی بە دەست هێنا.


هەواڵدەرییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، دوکتور فواد مەعسوود کاندیداتۆری هاوپەیمانیی کوردستان لە پارلمانی عێراق بە مسۆگەرکردنی ٢١١ دەنگ لە کۆی گشتیی دەنگی پارلمانتارانی عیراق پاش دوو خول هەڵبژاردن، لە خولی دووهەمدا بە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی فیدراڵ هەڵبژێردرا.

دوکتور محەممەد فواد مەعسووم هەورامی، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا لە کۆی ٢٧٥ دەنگ، ١٧٥ دەنگی بە دەست هێنا، بەڵام نەیتوانی متمانەی ٢ لەسەری ٣ی کورسییەکانی پارلمان بە دەست بێنێت، بۆیە هەڵبژاردن بۆ خولی دووهەم دواخرا و لە خولی دووهەمدا پاش کشانەوەی کاندیدەکانی دووهەم و سییەم، لەگەڵ کاندیداتۆر حوسێن مووسەوی کەلە خولی یەکەمدا ٣ دەنگی هێنابوو، کەوتە رکابەری و لە ئەنجامدا لە تێکرای ٢٦٩ دەنگ، ٢١١ دەنگی پێ درا و حوسێن مووسەوی تەنیا ١٧ دەنگی بە دەست هێنا.

پێشتر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە دەستی جەلال تەڵەبانی بوو و فواد مەعسووم خدر دووهەمین سەرکۆماری کورد پاش رووخانی رێژیمی سەدام لە بەغدا دەبێت.

دوکتور فواد مەعسووم پاش بە دەستهێنانی متمانەی دەنگی پارلمانتاران و وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماریی عیراق، هەر لە پێنجەمین کۆبوونەوەی پارلماندا سوێندی یاسایی خوارد.

دوکتور فواد مەعسووم خدر هەورامی ساڵی ١٩٣٨ی زایینی لە شای کۆیە لە دایک بووە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، خوێندنی باڵای لە زانکۆی \'\'ئەلئەزهەر\'\'ی میسر بە پلەی دوکتۆرا لە بواری فەلسەفەی ئیسلامی تەواو کردووە و ماوەیەک لە زانینگەی بەسرە مامۆستا بووە.