کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە سنوورییەکان توندتر بووەتەوە/سپای پاسداران لە زۆربەی گوندەکان پاسگای داناوە

18:06 - 3 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوندی \'\'تووە سووران\'\' داوای لە خەڵک کردووە ببنە ئەندامی ئەو سپایە و چەک هەڵبگرن، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن خەڵکەوە رەت کراوەتەوە
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سپای پاسداران لە گوندی \'\'تووە سووران\'\'ی ناوچەی \'\'سەرشیو\'\' سەربە شارستانی مەریوان، داوای لە لاوان و خەڵکی ئاوایی کردووە کەلە جیاتیی چوون بۆ سەربازی، لەو سپایەدا ببنە ئەندام و چەک هەڵبگرن.
هاووڵاتییەکی ئەو گوندە بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو داوایەی سپای پاسداران لەلایەن خەڵکی ئاوایی \'\'تووە سووران\'\'ـەوە رەت کراوەتەوە و نەچوونەتە ژێر باری داوای ناڕەوای سپای پاسداران و وتوویانە ئێمە قەت لە دژی خەڵکی خۆمان چەک هەڵناگرین.
ماوەیەکە سپای پاسداران لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان دەستی داوەتە دروست کردن و دانانی پاسگای نیزامی و دەیهەوێ بەو شێوەیە خەڵکی ناوچەکە چەکدار بکات.
چەکۆ رەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی گوت: قایم کردنی سنوورەکان و چەکدارکردنی خەڵک لە ناوچەکەدا لەلایەن سپای پاسدارانەوە شتێکی نوێ نییە و رێژیم لە چەندین قۆناخدا ئەو بەرنامەی تاقی کردووەتەوە.
رەحیمی وێڕای ئاماژە بە سێ قۆناخی چەکدارکردنی خەڵک لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، وتیشی: رێژیم لە قۆناخی یەکەمدا لە ژێرناوی \'\'پێشمەرگەی موسڵمان\'\' ئەو سیاسەتەی گرتە بەر و دواتر لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق کە خەباتی چەکداری بە هێزتر بووەوە، کەوتە بەڵینی دان بە خەڵک کە ئەگەر ببنە بەسیج یان چەک هەڵبگرن ئەوە لە خزمەتی سەربازییەکەیان کەم دەکرێتەوە و هەنووکەش سپای پاسدارانی رێژیم بە هێنانە ئارای \'\'سەربازی مەحەلی\'\' هەوڵ بۆ چەکدار کردنی خەڵک دەدات.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب وتی: رێژیم بەناوی پاراستنی شار و گوندەکانەوە خەڵک بەرەو چەک هەڵگرتن هان دەدات، بەڵام لە راستیدا مەبەستی سەرەکیی رێژیم سەرکوتی هەرچەشنە حەرەکەتێکی خەڵکییە کە بۆ خۆیشی پێش‌بینیی دەکات.
ناوبراو سەبارەت بەم قۆناخەی ئێستا سیاسەتی رێژیم لەمەڕ چەکدارکردنی خەڵکی کوردستان وێڕای ئاماژە بە گەڵاڵەیەکی چەندین ساڵەی رێژیم بۆ داسەپاندنی هێژمۆنیی نیزامیی خۆی بەسەر ناوچەدا وتی: رێژیم پاش ئەوەی کە خەباتی خەڵکی کوردستان لە حاڵەتی چەکداری هاتە دەر و زیاتر حاڵەتی خەباتی مەدەنیی بە خۆوە گرت، دەسەڵاتی سەرکوتی خۆی بە داسەپێنراو دەزانی و بە دروست کردنی هێز و لایەنی بوومی و غەیری بوومی، ویستی بەشێک لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق و ئێران پاش راپەڕین بخاتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی خۆیەوە.
رەحیمی وتی: ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی کەسێک بەناوی سەردار محەممەد عەلی‌جەعفەری فرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گەڵاڵەیەکی لەژێر ناوی \'\'تەئمینی سنوورەکان\'\' دایە خامنەیی و پاش تەیید کران لەلایەن خامنەیی فرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، ویستی کۆنترۆڵی سنوورکان بکات و پێش بە کار و کاسبیی خەڵک لە سنوورەکان و بە قەولی خۆیان پێش بە هاتنی دەست و پێوەندییەکانی دژبەری خۆی بگرێت و هەربۆیە لەو سەردەمەدا بوودجەیەک بە بڕی ٣ هەزار و ٤٠٠ میلیارد تمەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو گەڵاڵەیەی تەرخان کرد.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو شێوازێک بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی وەکوو دانانی پێگەی نیزامی، دروست کردنی رێگەوبان لە گشت سنوورەکانی کوردستان، دانانی بورجەکی چاودێری، لێدانی کاناڵ، دانانی دیواری بتوونی بە بڵیندایی ٤ میتر و بگرە زیاتر، کەڵکی وەرگرتووە.
توندتر کردنی دۆخی سنوورەکان و بەتایبەت سنوورەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ تورکیە و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە موحسین رەزایی یەکێک لە دامەزرێنەرانی سپای پاسداران، رایگەاندبوو کە لەشکرێکی ٣٠ هەزار کەسی تایبەت بە پارێزگای سنە دابمەزرێنێت. ئەم لێدوانەی موحسین رەزایی پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی ئێران، حەسەن رۆحانی هاتبووە ئاراوە.
لە هەمان کاتیشدا بڕی بوودجەی هێزە چەکدار و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران بۆ ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە رێژەیەکی بەرچاو زیای کردووە و لە هەمبەردا بوودجەی ئاوەدانی و عومرانیی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران کەمی کردووە.