کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنیەتیی گوندێکی ناوچەی هەورامان نالەبارە

19:21 - 6 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: گوندی دەرەکێ لە ناوچەی هەورامان، بەهۆی گوشار و تەنگەژەی هێزە ئینتزامییەکان دۆخی ئەمنیەتیی بەخۆوە گرتووە و خەڵک بەدەستییانەوە دەناڵێنن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پاسگاکانی دزڵی، کەل وەزەرا، سەروهانا و ژاڵانە، ماوەیەکە هەموو رۆژێک دەڕژێنە نێو گوندی دەرەکێ و وێڕای بێ‌حورمەتی بە هاووڵاتییانی ئەو گوندە، ماڵی هاووڵاتیان دەپشکنن.
لەلایەکی دیکەشەوە باخداران و ئاژەڵدارانی ئەو گوندە بەهۆی گوشاری ئەو هێزانە وەزاڵە هاتوون و هەموو رۆژێک لە کاتی رۆیشتن بۆ سەر کار و باخەکانیان، لەلایەن هێزەکانی پاسگای سەروهاناوە دەپشکێنرێن.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران، گوندی دەرەکێی لە ناوچەی هەوارمان بەتوندی ئەمنیەتی کردووە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بورجەکی نیزامی داناوە و چاودێری سەیرانگای قەڵاخانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ سەر مەزرا و باخەکانیان، دەکا.
ئەو هێزانە سەرەڕای ئەو هەموو گوشارە، داوا لە خەڵکی ئەو گوندەش دەکەن که هاوکارییان بکەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.
شەپۆلی کۆکردنەوەی ماهوارە لە گوندی دەرەکێدا بە چڕوپڕی ئەنجام دەدرێت و رۆژانە چەندین دەزگای ماهوارەی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە زەوت دەکرێ.
هێزەکانی رێژیم لە چەند حەوتووی رابردووشدا بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ‌بنەما، ماڵی چەندین هاووڵاتیی ئەو گوندەیان پشکنیوە و ماتۆرسیکلێتی چەندین هاووڵاتیشیان زەوت کردووە.