کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی تەڵاق لە ئورمیە لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە

18:15 - 4 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە پارێزگای ئورمیە لە رۆژێکدا ١٥ ژن و مێرد لێک جیا دەبنەوە و ئاماری تەڵاق لەو پارێزگایەدا لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە.
هەواڵدەرییەکانی پارێزگای ئورمیە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی باری کەسیەتی (ادارەی ثبت احوال) بڵاویان کردووەتەوە، ئەمساڵ یەک هەزار و ٨٤٩ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای ئورمیە رووی داوە.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتانە، ئاماری تەڵاق لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٩٣ بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٤٠ هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە.

ئاماری تەڵاق لە چەند ساڵی رابردوو لە هەڵکشاندا بووە و هەنووکە لە رۆژێکدا لە پارێزگای ئورمیە ١٥ کەس لە هاوسەرەکانیان جیا دەبنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، زیاترین رێژەی تەڵاق لە ژناندا لە تەمەنی ٢٠ هەتا ٢٤ ساڵ بە ٤٥٥ حاڵەتەوە و لە پیاواندا لە تەمەنی ٢٥ هەتا ٢٩ ساڵ بە ٥١٣ حاڵەتەوە هاتووەتەوە ئاراوە.

هەروەها لەم ماوەیەدا ١٥ حاڵەتی تەڵاق لە تەمەنی ١٠ هەتا ١٤ ساڵدا رووی داوە.

هەڵکشانی لەسەدا ٤٠ی ئاماری تەڵاق لە پارێزگای ئورمیە لە حاڵێک دایە کە بە سەرنجدان بە ئامارە فەرمییەکانی رێژیم، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٣دا ئاماری تەڵاق لە ئێران تەنیا ٤% هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکانی ئێران، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ٣٦ هەزار و ٣٤٢ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە.