کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیارەدەی دزینی مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە بەردەوامە

19:55 - 13 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە گوندی هانە گەرمەڵە سەربە شارستانی پاوە، هێزەکانی رێژیم دەستیان بەسەر یەک ماشین مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی ئەو گوندەدا گرت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستانی میدیا، رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، هێزەکانی رێژیم لە گوندی هانە گەرمەڵە تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەکی هەڵگری مەڕوماڵات کردووە و پاش راگرتنی ئەو ماشینە دەستیان بەسەر تێکڕای ئەو مەڕوماڵاتانەدا گرتووە.
بەوتەی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو ناوچەیە، هێزەکانی رێژیم پاش زەوت کردن، بەشێکی بەرچاوی ئەو ئاژەڵانە لە نێو هێزەکانی رێژیم لەو ناوچەیەدا بڵاویان کردووەتەوە.
شایەتحاڵی رووداوەکە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە، پاش سەربڕین، بێ‌حورمەتیشیان بە خاوەن ئاژەڵەکە کردووە و گۆشتەکانیان لە نێو چەکدارانی رێژیم لەو ناوچەیەدا بڵاو کردووەتەوە.
پێشتریش مەڕوماڵاتی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە زەوت کراوە
ماوەیەک لەوە پێش هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوان بە هاوکاریی هێزی ئینتزامی، رژابوونە نێو گوندی نێ لە ناوچەی مەریوان و دەستیان بەسەر ١١٥ سەر مەڕی هاووڵاتییانی ئەو ئاواییەدا گرت.

بیانووی ئەو هێزانە لەم کردەوە دزێوەدا هەبوونی شتومەکی قاچاخ لە نێو ماڵی هاووڵاتییاندا بووە و لە ئەنجامیشدا دەستیان بەسەر ١١٥ مەڕی هاووڵاتییاندا گرت.
لە گوندی دزڵیی ناوچەی هەورامانش ئەو دیارەدەیە رووی داوە و لە چیایەک بەناوی رەنگین ٢٤٠ سەر ماڕ و ماڵاتی هاووڵاتییان لەلایەن هیزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
لە گوندی دەرەکێیش هێزەکانی پاسگای ژاڵانە دەستیان بەسەر ٤٠ سەر لە مەڕ و ماڵاتی ونبووی هاووڵاتییاندا گرتبوو و پاش سەربڕین لە نێو هێزەکانی رێژیم لە پاسگاکانی ناوچەکەدا بڵاویان کردبووەوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ٣ مانگی رابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ سەر لە مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا زەوت کراوە.