کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار/ سەردانی شاندێكی هاوڕێیانی پێشوو لەدەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات

22:41 - 3 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەدانیشتنی شاندێكی حیزبی دێمۆكرات و هاوڕێیانی پێشوو، ئاوڕێك لەباس ‌و بابەتەكانی پێوەندیدار بە ئاسایی كردنەوەی پێوەندیەكان، دراوەتەوە ‌و هەروەها باسی چۆنییەتی هاوكاری ‌و هەماهەنگیش لەگەڵ یەكتر كراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شاندێكی هاوڕێیانی پێشوو بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا مەولوودی سەردانی بنكەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و لەلایەن هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتەوە بە سەرپەرستی بەڕێز محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی پێشوازییان لێكرا.
لەو دانیشتنە دۆستانەیەدا، وێڕای ئاوڕێك لەباس ‌و بابەتەكانی پێوەندیدار بە ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكان ‌و هەروەها لەسەر چۆنییەتی هاوكاری ‌و هەماهەنگی لەمەڕ ئەو پرسانە كە دەتوانێ رێگە خۆشكەر بن بۆ بەرەو پێش چوونی ئەو پڕۆسەیە ئاڵوگۆڕی نەزەر كراوە.
بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە، گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پڕۆسەی سیاسی كورد لەتوركیە ‌و وتووێژەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە ‌و بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرۆكی ئەو رێكخراوە لەگەڵ كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیە بوو، لەم بڕگەیەشدا وێڕای لێكدانەوە لەسەر لایەنە جۆراجۆرەكانی ئەو پڕۆسەیە هیوایان خواست ئاكامی ئەم وتووێژە دابین بوونی ماف ‌و داخوازییەكانی گەلی كورد لەباكووری كوردستانی بە دواوە بێ.

كۆمەڵێك پرسی دیكە وەك مەسەلەی هەڵبژاردنی خۆلی یازدەهەمی سەركۆماری لەئێران ‌و هەڵبژاردنی شۆراكانی شار ‌و گوندەكان خرانە بەر باس ‌و را گۆڕینەوەیان لەسەر كرا.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكە لەسەر بەردەوام بوونی دیدار ‌و چاوپێكەوتنەكان بە ئامانجی هاوكاری زیاتر جەخت كرایەوە.