کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆما جڤاکێن کوردستانێ (KCK)

21:22 - 7 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە دیداری دوو شاندی حیزبی دێموکرات و KCKدا دوایین ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێوەندییەکانی دوو لایەن باس و راگۆڕینەوەیان لەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزب، رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی کۆما جڤاکێن کوردستانیان‌ لە قەندیل کرد و لەلایەن شاندێکیانەوە بە سەرپەرستیی \'\'جەمیل بایک\'\' هاوسەرۆکی KCK پێشوازیی لێ کرا.
سەرەتا مستەفا هیجری لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتیی نێوان KCK و دەوڵەتی تورکیە و هەنگاونانی تورکیە بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسیی KCK و هەروەها پیرۆزبایی لە ئاکامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بەهۆی BDPـەوە لە کوردستانی تورکیە وەدەست هاتوون، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و نیگەرانیی حیزبی دێموکراتی لە پێوەندی لەگەڵ لەبیرکرانی مافەکانی کورد لەو پرۆسەیەدا و ئەوەی کە هەتا ئێستا دەوڵەتی تورکیە بەرنامەیەکی روونی سیاسیی بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەو وڵاتە پێشکەش نەکردووە، دەربڕی.
هیجری لەو دیدارەدا درێژەدان بەو پرۆسەیە بە کارێکی باش زانی کە رێگری لە هاتنە ئارای شەڕ لە تورکیەدا دەکات.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو چاوپێکەوتنەدا لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی نەتەوەی کورد بەگشتی و لە هەموو بەشەکانی کوردستان سەرەڕای هەبوونی کەموکۆڕییەکان، پێداگریی کردەوە.
هیجری یەکگرتوویی و هاوبەشیی هێز و لایەنە جیاجیاکانی کوردستانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەکوو ستراتیژیی هاوبەشی هەموو لایەک لەمەڕ پێشگیری لەو مەترسییانە کە دوژمنان بۆ نەتەوەکەمان دروستی دەکا، بە پێویست زانی. بە تایبەت لە کوردستانی سووریە سەرەڕای ناکۆکییەکان لەو بەشە لە کوردستان و گەڕانەوە بە رێککەوتننامەی هەولێر لەنیوان لایەنەکانی کوردستانی سووریە بۆ چارەسەریی گرفتەکان لەمەڕ لە کیس‌نەدانی ئەو دەرفەتە کە ئەمڕۆ لەو بەشە لە کوردستان رەخساوە بە یەکێک لەو پێویستییانە وەسف کرد.
سەبارەت بە پێوەندییەکانی نێوان کەجەکە ‌و حیزبی دێموکرات، هیجری راشکاوانە رەخنە ‌و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی هێنایە بەر باس ‌و خوازیاری درێژەی پێوەندیی دۆستانەی دوو لایەن بە حورمەت دانان بۆ یەکتری و چارەسەرکردنی هەر گرفتێک لەو راستایەدا، بە دیالۆگ و دانووستان بوو.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەو گرفت و قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە لەگەڵی بەرەوڕوویە، کە چی سەرکوتی بێ‌ بەزەیی‌یانەی خەڵک و لە سێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لەلایەن ئەو رێژیمەوە بووتە کارێکی رۆژانە و هەر لەو پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆی لە پیلانەکانی رێژیم لە ناوخۆ لە دژی خەڵًکی کورد و هەروەها ئەو دەستێوەردانانەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی کەلە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بەڕێوەی دەبات.
پاشان جەمیل بایک وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لەو سەردانەی حیزبی دێموکرات، لەسەر هەستیاریی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵی ئێران و تورکیە بۆ تەشەنەی خۆیان لەو ناوچەیە، زەروورەتی وشیاریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەمەڕ ئەو پیلانانەیان هێنایە بەر باس کە لەلایەن دەوڵەتانی ئێران و تورکیەوە دژی کورد بەڕێوە دەچن و تیشکی خستە سەر پشتگیریی دەوڵەتی ئێران لە بەشار ئەسەد و دەوڵەتی تورکیە لە گرووپە ئیسلامییەکان.
بایک زەروورەتی دروستکردنی ستراتیژیی هاوبەش و یەکگرتووی کوردەکانی بە ئەرکی هەنووکەیی کورد زانی تاکوو وەڵامدەری ئەو هەڵومەرجە بێ‌ کەلە ناوچەدا لە ئارا دایە. بە دروستکردنی ئەو ستراتیژییەش لایەنە پێوەندیدارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش ئەو کات حیساب لەسەر قورسایی و پێگەی کورد لە ناوچەدا دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە پێداگریی کردەوە و رەخنەی لە دەوڵەتی تورکیە گرت لەوەی کە هەتا ئێستا هەنگاوێکی جیددیی بۆ هێنانە ئارای بنەمایەکی یاسایی بۆ وتووێژەکان هەڵنەگرتووە.
لە کۆتاییدا جەمیل بایک لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆما جڤاکێن کوردستانێ‌ و رۆڵگێڕانی حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەریی کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و دروستکردنی بەستێنی هاوکاری و یەکگرتوویی سیاسی پێداگریی کردەوە ‌و خوازیار بوو کە ئەو چاوپێکەوتنانەی نێوان حیزبی دێموکرات و KCK ماوە بە ماوە بەردەوام بێ.