کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری دوو شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان

17:11 - 23 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ٣ی کوردستان سەردانی لقی ١٦ی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ٣ی کوردستان بە سەرپەرستیی \'\'سەدیق دەرویشی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ناوەندی ٣، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە، سەردانی لقی ١٦ی پارتی دێموکراتی کوردستانی لە شاوەیس کرد و لەلایەن شاندێکی لقی ١٦ ئەو پارتەوە بە سەرپەرستیی \'\'دوکتور ئاراس حەسۆ میرخان\'\' ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە پێشوازیی لێکرا.
دۆخی ئێستای کوردستان بەگشتی و هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و دوایین گۆڕانگارییەکان لەسەر هەر کام لەو بەشانە و هەروەها دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و هەرێمی کوردستان، کۆمەڵە بابەتێک بوون لەو دیدارەدا لەلایەن \'\'سەدیق دەرویشی\'\'یەوە باسیان لی کرا.
لەو دیدارە \'\'دوکتور ئاراس حەسۆ\'\' لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی و مەسەلەی پێکهاتنی حکوومەت و دۆخی پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا چەند باسێکی هێنایە ئاراوە.
لە کۆتایی ئەو دیدارەدا دوو لایەن لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکانیان پێداگرییان کردەوە.