کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئاڵمان، لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دێموکرات مەسیحی

14:24 - 3 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، لەگەڵ بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی پارتی دێموکراتی مەسیحیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، \'\'هیوا بەهرامی\'\' نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سەرەکیی پارتی دێموکرات مەسیحیی ئاڵمانی کرد و لەگەڵ \'\'بێرتیل وێنگێر\'\' بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی ئەو پارته چاوپێکەوتنی پێکهێنا.
لەم چاوپێکەوتنەدا وێڕای تاوتوێ‌کردنی بابەته پێوەندیدارەکان به ئێرانەوه، بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی پارتی دێموکرات مەسیحی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوه که نابێت له رێککەوتنەکەی نێوان وڵاتانی ٥ + ١ لەگەڵ رێژیمی ئێسلامی چاوەڕوانی زۆرمان هەبێت و شێگرد و سیاسەتەکانی ئەو رێژیمه بۆ هەموان ناسراون و تەنیا کاتێک دەتوانین بڵێن که ئەو رێککەوتنه سەرکەتوو بووه، که چیدیکه هیچ دەرفەتێک بو دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئێسلامی به چەکی ئەتومی نەمابێت.
بەهرامی لەو هاودیتنەدا وێڕای باس کردن لەسەر به بەرنامەی ناوەکیی ئێستای ئێران، ئاماژەی بەوه دا که رێژیمی ئێران تەنیا دەیهەوێت گەمارۆ نێونەتەوەیی‌یەکانی لەسەر نەمێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئەوپەڕی هەوڵی خوی دەدات، بەڵام بارودۆخی ناوخۆی ئێران هیچ ئاڵوگۆڕێکی به خۆیەوه نەبینیوه و هەموو دروشمەکانی سەرکۆماری نوێی ئێران، هەر له قاڵبی دروشمدا مانەوه و هیچ هەنگاوێکیان بو هەڵ نەگیراوه.
هەروەها وتی: ئێمه نە له کاتی هاتنه کایەی ئەو دروشمانه و نه ئێستاش باوەڕمان بەوه نییه کەله چوارچێوەی نیزامی کۆماری ئێسلامیدا ئاڵوگۆڕی واقیعی بێته ئاراوه.
له بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنەدا چەندین پرسی دیکە و لەوانه، هەلومەرجی سیاسی ــ ئابووریی کوردستانی ئێران و بارودۆخی مافی مرۆڤ له ئێراندا باس و تاوتوێ کران.