کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سوێد لەگەڵ نوێنەری پارتی ژینگەی ئەو وڵاتە

20:09 - 18 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەنی کوردستانی ئێران و ئەمنیەتی کردنی زیاتری شارەکان پاش لە سێدارەدانی ژمارەیەک زیندانیی کورد، لە گرینگترین تەوەرەکانی ئەم دانیشتنە بوون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، نوێنەری پێوەندییەکان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد، سەردانی پارلمانی سوێدی کرد و لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی ژینگە دیدار و چاوپێکەوتنی پێکهێنا.
مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بارودۆخی ئەم دوایی‌یانەی ئێران و توندتر بوونەوەی باری ئەمنیەتیی ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان، ئیعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و بەلووچ و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ... بەشێک لەو باس و بابەتانە بوون کە لەلایەن نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیدار لەگەڵ خاتوو بۆدیل سێبالۆس بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی ژینگەی سوێد وروژێنران.
لەو دیدارەدا لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران و دوابەدوای ئەوەش لە سێدارەدانی هاووڵاتییان و زیندانییانی سیاسی و پێکنەهاتنی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی رێژیمی ئێران پاش ئەو هەڵبژاردنانە و پێشێلکاریی زێدەتری مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
رۆڵی رێژیمی ئێران لە ناوچە و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دیکە و هەروەها دەستێوەردانی نیزامی لە کاروباری نێوخۆیی سووریە، کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکە بوون کە لەو دانیشتنەدا هاتنە بەر باس.