کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری بانە

17:41 - 25 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی دەسبەسەرکردنی چالاکانی ئایینی سوننە مەزهەب لە پارێزگاکانی سـنە و ئورمیە، مامۆستایەکی قوتابخانە و مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری بانە دەسبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری بانه دوو هاووڵاتی کوردیان بە ناوەکانی فازڵ چووپانی و لوقمان دەسبەسەر کرد.

دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە درێژەی رەوتی دەسبەسەرکردنی چالاکانی ئایینی لە کوردستان لە ماوەی مانگی رابردوودا هاتۆتە ئاراوە.

فازڵ چووپانی، مامۆستای قوتابخانه و لوقمان پاش دەسبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون و تاکوو ئێستاش هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی چاوەدێری مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەندین چالاکیی ئایینی سوننە مەزهەبی دیکەش لە شارەکانی کامیاران، سنە، سەقز و مەریوان دەسبەسەر کراون.

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی مانگی بانەمەڕ، ٣ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد کەرەمی لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی و خێزاندار، ناسر زارعی لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی و خێزاندار و عادل، لە شاری سەقز دەسبەسەر کران.

پێشتریش لە کۆتایی‌یەکانی خاکەلێوە و سەرەتاکانی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، لانیکەم ٩ کەس لە چالاکانی ئایینیی سوننە مەزهەبی کورد، لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پارێزگای ئورمیە دەسبەسەر کرابوون.