کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ژمارەیەک نیگابانی بازاری سیگارفرۆشانی بۆکان لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە

17:05 - 30 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: هێزی ئینتزامی و ئیدارەی ئەماکین بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ و بە جیاجیا هێرشیان کردووەتە سەر بازاری سیگارفرۆشانی بۆکان و وێڕای دەسبەسەرکردنی نیگابانەکانی ئەو بازارە، شتومەکی نێو دووکانەکانیشیان زەوت کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزەکانی ئیدارەی ئەماکینی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێرشیان کردە سەر بازاری سیگارفرۆشان لە فەلەکەی ئەسکەندەریی شار بۆکان و بڕێکی زۆر لە کاڵا و پارەی دووکاندارەکانی ئەو بازارەیان بە تاڵان برد.

شایەتحاڵێکی ئەو رووداوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزەکانی ئیدارەی ئەماکین لە کاتێکدا هێرشیان کردووەتە سەر دووکانی بازاری سیگارفرۆشەکان کە پێشتر هێزە ئینتزامییەکان، نیگابانەکانی ئەو بازارەیان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو شایەتحاڵە وتیشی: هێزەکانی ئیدارەی ئەماکین بە هەواگاز قوفڵی پێنج دووکانی بازاری سیگارفرۆشانی بۆکانیان بڕیوەتەوە و کەلوپەل و کاڵای نێو ئەو پێنج دووکانەیان زەوت کردووە.

ئەو شایەتحاڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، راشیگەیاند: لە یەکێک لەو پێنج دووکانەدا بڕی ١٥ میلیۆن تمەن پارە هەبووە کە هێزەکانی ئیدارەی ئەماکین ئەو بڕە پارەشیانە بە تالان بردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوە ئەم رووداوە هیچ هەواڵێک لە هۆکاری دەسبەسەرکران و هەروەها ئازادکران، یان نەکرانی ئەو نیگابانە لەبەر دەستدا نییە.