کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەی میدیایی هەواڵی بەشداریی هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە شەڕی داعش لە ئاستی جیهان و ناوچەدا

21:06 - 17 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بەشداریی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش هاوشانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوەیەکی بەرینی میدیایی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا لێکەوتەوە.
هێزی پێشمەرگەی حدکا بەرەو بەرەکانی شەڕ بەڕێ کەوتن، حدکا هێزەکانی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ لە کوردستانی باشوور کرد، بەرەنگاریی کوردەکانی ئێران دژی تیرۆریستانی داعش، کوردەکانی ئێرانیش بەشداریی شەڕی پاراستنی هەرێمی کوردستان دەکەن و حدکا بە کردەوە چووە بەرەی شەڕی دژە داعش لە هەرێمی کوردستان، ناوی بەشێک لە سەردێڕی ئەو هەواڵانەیە کەلە میدیا جیهانیی و ناوچەیی‌یەکاندا بڵاو کراونەتەوە.

ماڵپەڕی پێشمەرگەکان، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەلعەرەبییە، باس نیووز، تۆڕی میدیایی رووداو، رادیۆ کووچە، ئێن ئاڕ تی، دەنگێ ئازاد، ئانادۆڵی تورکیە و رۆژنامەی تورک زمانی وەتەن، ناوی بەشێک لەو دەزگا میدیایی‌یانەیە کە هەواڵی رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بۆ بەرەکانی شەڕی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان باشوور رووماڵ کردووە.

هەندێک لەو میدیا جیهانییانە هەواڵی رەوانە کردنی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە زاری ماڵپەری ناوەندیی حیزب واتە \'\'کوردستان میدیا\'\' گواستووەتەوە و بەشەکەی دیکەش بە وەرگرتنی زانیاری لەرێگەی وتووێژەوە لەگەڵ \'\'رۆستەم جەهانگیری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسی و وتەبێژی ستادی عەمەلیاتیی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رووماڵ کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ئەوەی کە لە بەیاننامەیەکدا ئامادەیی خۆی لە بەرەنگاریی تیرۆریستانی داعشدا راگەیاند، رۆژێک دواتر و لە ئەنجامی داواکاریی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕی دژە داعش کرد و سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ یەکەمین سەرکەوتنیان بە دەستهێنا و یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی \'\'گەوێر\'\'یان کۆنترۆڵ کرد.