کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی کوردستان، کیانێک بۆ ژیانی سەربەست

22:49 - 22 خەرمانان 2717

کەریم پەرویزی

رێفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە بڕیاریان داوە لە ٢٥ی سێپتامبر، ٣ی رەزبەر بەڕێوەی ببەن، هەنگاوێکی مێژوویی کوردستانی باشوورە بۆ نزیکبوونەوە لە ئاواتێکی لەمێژینەی کورد و دووبارە بونیاتنانەوەی کیانێکی نەتەوەیی کە دوای کۆماری کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەم درێژەدەری ئەو رێگایە و هەم گەشەکردنی رەوتی مافخوازیی کۆمەڵگایەکە کە سەرەڕای هەموو کەندوکۆسپە مێژوویی و ستراتێژیک و ناوچەییەکان، قۆناغێکی گرینگ و بنەمایی دەبڕێ و ئیتر لێرە بەدواوە، کتێبە مێژووییەکان بەرگە هەنووکەییەکان تەواو دەکەن و بەرگی نوێ دەست پێدەکا.

رێفراندۆم و ڕاوەرگرتن لە خەڵکی دانیشتووی هەرێمێک بۆ ئەوەی بە بەرچاوی هەموو دونیاوە، بزانن کە ئەو خەڵکە چییان دەوێ و لەو خەڵک و کۆمەڵگایە بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسیان پرسیار دەکرێ، دیاردەیەکی دێموکراتیک و سەردەمیانەیە و رێزگرتنە لە ئیرادەی کۆمەڵگا و هاوکات شێوازێکی مۆدێڕن و سەردەمیانە و ئاشتیخوازانەیە بۆ دەنگ هەڵبڕینی گەلێک. لە مێژوودا و لەئێستا و داهاتووشدا زۆرجار نەتەوە و گەلانی جیهان بۆ ئەوەی رای خۆیان و ویستەکانیان دەرببڕن، رێگایان لێ گیراوە و دەگیرێ و زۆر جار ناچاریان کردوون و دەیکەن کە پەنا بۆ شیوازی توندوتیژانە بۆ دەربڕینی خۆیان و سەلماندنی ئیرادەی خۆیان ببەن. بەڵام رێفراندۆم ئاشتیخوازانە و رەواترین شێوازە کە تەنیا سەرەڕۆ و داگیرکەر و تاوانکارەکان دژایەتیی دەکەن و کۆماری پەت‌وسێدارەی ئیسلامییە کە بە روونی و بەوپەڕی رووهەڵماڵاویەوە دژی راپرسی لە گەلێک، هەڕەشە دەکا و دژی دەوەستێتەوە.

جیا لە خودی پرسی رێفراندۆم، ئاکامی ئەو رێفراندۆمە، هەڵگری مانا و واتای گرنگە و مەبەستی سەرەکی کە هێزە سیاسیەکان بەرەو چنینەوەی ئەو ئاکامە هەوڵ دەدەن جێگای بایەخی ئەساسییە، ئەویش سەربەخۆبوونی نەتەوەیەک و لەدایکبوونی کیانێکی نوێ و دامەزراندنی دەوڵەتە کە لە نێو نەتەوەکانی جیهاندا سەرێک بە سەران زیاد دەبێ.

سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لەو بەشە لە نیشتمان، باڵاکردنی ئیرادەیەکی مافخوازی و ئۆگریی بۆ سەربەستی و رزگارییە کە خەڵکێک بە ناوی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای کوردستان دوای سەدان ساڵ ژێردەستی و سەرکوت و زەوتکردنی هەموو ماف و جەوهەری بوون و ژیانیان و خەوشدارکردنی ناسنامەی تاک و کۆ و کۆمەڵگایان، دووبارە دێنەوە نێو مێژوو و رێگە نادەن چیدی ستراتژی و سیاسەت و مێژوو و ژیان بە بێ ئەوان بنووسرێتەوە، ئیتر کوردستانیش لانیکەم لە بەشیکی دا وەکوو بکەر و خاوەن روئیایەکی کردەیی لە نێو هاوسەنگی و لاسەنگیەکاندا دەور دەگێڕێ و لە دوورەوە چاو لەدەست نابێ بزانێ چی بۆ دەنووسن.

رەنگە کەم‌وکووڕی و گرفت و کەندوکۆسپەکانی کوردستانی باشوور و ئەزموونی ٢٥ ساڵەی حکوومەتداری لەم بەشەدا وا لە هەندێک کەس بکا کە بیر لە گرفتەکانی دوای سەربەخۆیی بکەنەوە ونیگەرانییان هەبێ، بەڵام چاک کردن و هەوڵدان بۆ گەشەکردن و دژایەتیی گەندەڵی و پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، پرۆسەیەکی دوور و درێژە و چاکسازی و گۆڕانکاری لە نێو هەموو نەتەوەکاندا ئەوکاتە هەنگاوی قورس وقایمی بۆ هەڵگیراوە و گەڕانەوە بۆ دواوەی نەبووە کە لە نێو کیانێکی سەربەخۆدا جێبەجێ بکرێ. بەو واتایە کە رەنگە دەوڵەتی سەربەخۆ، خۆبەخۆ نەبێتە هۆی دادپەروەری و چاکسازی، بەڵام بە بێ دەوڵەت و کیانێکی رزگار، هەموو هەنگاوێکی چاکسازی و ئازادیخوازی ئەگەری گەڕانەوە بۆ دواوەی زۆرە.

کیانی سەربەخۆ خاڵی کۆکەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکان دەبێ و هەموو خولیا و ئاواتەکانی دەکرێ تێدا کۆبکرێتەوە و لە راستیدا بونیاتی بینایەکی بەرز و قایم بێ کە دەنگ و رەنگی جیاوازی تێدا دەنگ و رەنگ بداتەوە، بەڵام دەنگ و رەنگێکی هارمۆنیک کراو تاکوو ببێ بە ئۆرکسترێکی خۆش نەوا و هەڵپەڕکێی هاوئاهەنگی رەنگەکان، نەک تێکەڵبوونی نەشیاوی هەموو دەنگ و رەنگێک کە لەباتی چێژ بەخشین، ئازاردەر بێ.

دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە باشوور کە خاکە تازەگەڕاوەکان بۆ باوەشی نیشتمانیش لەخۆ بگرێ، هەم شکڵدان و رۆنانی بونیاتی ئیرادەیەکی نەتەوەییە و هەم هەنگاوێکی گرنگی مێژووییە کە رەنگە ئێستە نەکرێ بە روونی و بە قووڵی ئەمری واقیعی چێژ و رەنگەکانی ببینرێ، بەڵام هەر ئەوەندە کە دوژمنانی کورد و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی زۆری پێ قەڵسن و هەموو هەڕەشە وگوڕەشەیەکی لێ دەکەن و ژمارەیک بەناو رووناکبیری فارس، بەڵام لە راستیدا بیرکۆن و فاشیست کە درێژکراوەی کۆماری ئیسلامین، لێی ترساون، ئاماژەیە بۆ هەقیقەتی دەوڵەتی سەبەخۆی کوردستان .

بەواتایەکی تر گەر نەتزانی هەنگاوەکانت چەندە گرینگن، بە رووخساری دوژمنانتدا بزانە کە چەندەی لێ نیگەرانن!