کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت / چارەنووسی بەنداوی \"چەپەراوێ\"ی شنۆ دوای ١٠ ساڵ + وێنە

22:07 - 29 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: پڕۆژەی بەنداوی چەپەراوێ‌لەشاری شنۆ دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ لەدەسپێكی هێشتاكە بە نیوە چڵی ماوەتەوە و بڕیار بوو ئەو پڕۆژەیە لەماوەی پێنج ساڵدا جێبەجێ‌بكرێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، پڕۆژەی بەنداوی چەپەراوێ‌لەشاری شنۆ لەئوستانی ورمێ‌یەك لەو پڕۆژە عومرانیانە بوو كە لەساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە دەستی پێكرد و بڕیار بوو لەماوەی ٥ساڵ ئاوگیری بكرێت.
هەر لەسەرەتای دەست پێكردنی پڕۆژەكە لێپرسراوانی ئەو بەنداوە بێ‌بوونی مۆڵەت و بێ‌ئیزن وەرگرتن لەدانیشتوانی ئاوایی چەپەراوێ‌، بە لۆدێر و بۆڵدیزێر كەوتنە گیانی دارستان و مووچە و مەزراكانی ئەو ئاواییە و لەژێر ناوی ساز كردنی بەنداو ئەو شوێنانەیان وێران كرد.
وێران كردن و تێك دانی مووچە و مەزرای هاووڵاتیان لەگەڵ پەرچەكرداری دانیشتوانی ئاوایی چەپەراوێ‌بەرەوڕوو بۆوەو و لەئەنجامدا ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم بە بەهایەكی كەم، زەوی و زارەكانیان لەخەڵكی كڕی.

كۆمپانیای بەڵێندەری سپانو وەكوو لایەنی سەرەكیی گرێبەستی بەنداوی چەپەراوێ‌ئەو پڕۆژەیەی وەئەستۆ گرت و كۆمەڵێك كۆمپانیای دیكەی وەكوو،كاوش سازە ماد، ئای، تی، پی، پویاب و فریابیش وەكوو ژێر مەجموعەی كۆمپانیای سپانو لەجێبەجێ‌كردنی ئەو پڕۆژەیەدا بەشدار بوون.

لەراستیدا كۆمپانیای سپانو كۆمپانیایەكی عومرانی نەبوو بەڵكوو زیاتر كاری بیناسازی وەئەستۆ دەگرت، بەڵام بەهۆی پشتیوانی لەلایەن ناوەندەكانی رێژیمی ئێرانەوە توانی براوەی ئەو پڕۆژەیە بێت.

لەكاتی دەسپێكی ئەو پڕۆژەیەدا بەرزایی بەنداوەكە ٧٠میتر دیاری كرابوو، بەڵام دواتر دەركەوت كە بەشێك لەئاواییەكانی وەكوو خالید ئاوا، قەڵاتان، كانی رەش و سۆفیان دەكەونە ژێر ئاوەوە و لێپرسراوانی رێژیمی ئێران ئامادە نەبوون تێچووی ئەو زەرەر و زیانە بە دانیشتوانی ئەو ئاواییانە بدەنەوە و لەئەنجامدا بەرزایی بەنداوەكەیان بۆ ٤٦ میتر كەم كردەوە.

جیگای سەرنجی ئەو پڕۆژەیە لێرەدایە چونكە ئەو بەنداوە بێ‌هیچ لێكدانەوە و شارەزایەكەی ئەوتۆ درابوو بە كۆمپانیای سپانو و ئەو كۆمپانیایەش توانای موهەندسێكی وای نەبوو دەركەوت كە ئەگەر بەرزایەی ئەو بەنداوە بكرێتە ٤٦میتر دیسان كۆمەڵێك لەزەوی و زارەكانی خەڵكی دەچووە ژێر ئاوەوە و ئەو جار هات و بەرزایەی بەنداوەكەیان كرد بە ٣٦ میتر و ئەگەری ئەوە لەئارادایە لەوەش كەمتر بكرێتە چۆنكە ئەو جارە بودجەیەكی ئەتۆ بۆ بەنداوی چەپەراوێ‌تەرخان نەكراوە.

هاووڵاتییەكی شاری شنۆ كە لەشارەكانی ئێران سەرقاڵی ئەندازیارییە بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە لە كاتی دەسپێكەوە هەتا ئێستا لەگەڵ چەندین كێشە بەرەو روو بوو كە بریتین لە:

نەبوونی بەڕێوەبەرییەکی باش ـ نەبوونی بەڕێوەبەریی لەپێوەندیی جێبەجێ‌كردنی كارەكان و وەرگرتنی بودجە ـ دزینی پارەیەكی زۆر لەلایەن لێپرسراوانی رێژیمەوە ـ نەدانی حەقدەستی كرێكاران كە زۆر جار كرێكاران بۆ وەرگرتنی پارەكانیان مانیان دەگرت ـ كار پێ‌سپاردن بە كەسانی ناشارەزا و كەڵك وەرگرتن لە كەرەسەكانی كۆن و بێ‌كەڵك لەو پڕۆژەیەدا.

ئێستاكە ئەو پڕۆژەیە كە بڕیار بوو بە ٥ ساڵ تەواو بكرێت، دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ هێشتاكە ٢٠%ی كار لەسەر نەكراوە.

هەنووكە كۆمپانیای بەڵێندەری سپانو وەرشكستەگی خۆی راگەیاندووە و ژمارەیەك كرێكاریش كە حەقدەستی چەندین مانگانەیان وەرنەگرتووە، سەرگەردان ماونەتەوە.