کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ بێ‌ئیمكاناتی و نەبوونی كەلوپەلی پزیشكی لەدەهلۆران

17:25 - 2 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: شارستانی دەهلۆران لەپارێزگای ئیلام وەكوو شارێكی بێبەری كراو لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە چاو لێدەكرێت و لەبواری ئیمكاناتی پزیشكیەوە زۆر كێشەیان هەیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شارستانی دەهلۆران پزیشكی پسپۆڕی لەبواری رادیۆلۆژی نیە و نەخۆشەكانی ئەو شارە بە ناچاری روو لەشوێنەكانی دیكە دەكەن و ئەوەش بە هۆی هەژاری و دەستكورتی هاووڵاتیانەوە كێشەی بۆ دروست كردوون.
ئەمڕۆكە دانی خزمەتگوزاری لەبواری بێهداشت و پزیشكێەوە بە خەڵكی بەیەكێك لەپێویستییەكان دێتە ئەژمار و وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر و دروست كردنی كەلوپەلی تازە و پێشكەوتوو لە هەوڵدان، بەڵام لەكوردستان ئێستاش بەشێك لەشارەكان لەئیمكاناتی پێشكەوتووی پزیشكی بێبەرین.
بەشێك لەهاووڵاتیانی شارستانی دەهلۆران بۆ خزمەتگوزاری پزیشكی زیاتر روو لە پارێزگای خوزستان دەكەن و ئەوەش تێچوویەكی زۆر بۆیان هەڵدەگرێت.

دۆخی نالەباری پزیشكی لەپارێزگای ئیلام


پارێزگای ئیلام سەرەڕای ئەوەی كە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی رووداوی جۆراوجۆری وەكوو، هەوڵدان بۆ خۆكوژی، رووداوی هاتووچۆ و وردیلەكانی تۆز و خۆڵ دایە، بەڵام كەمترین ئیمكاناتی پزیشكی و دەرمانی هەیە.
كەمی ئیمكانات و كەلوپەلی پزیشكی لەپارێزگای ئیلام خەڵكی نیگەران و سەر لێ‌شێواو كردووە و هاووڵاتیان ناچارن بۆ دابین كردنی دەرمان و چارەسەریی پزیشكی روو لەپارێزگاكانی دیكەی ئێران بكەن، ئەمانە لەحاڵێكدان كە لەپارێزگای ئیلام نەخۆشخانە وەكوو بینا بوونی هەیە، بەڵام بەوتەی هاووڵاتیانی ئیلامی نەبوونی لە بوونی باشتر بوو.
بوونی نەخۆشخانە بە كەلوپەل و هێزی كار و كادری دەرمانی پێویست رەنگی نەخۆشخانە بە خۆیەوە دەگرێ‌و ئەوە لەبەشێك لەنەخۆشخانەكانی ئەو پارێزگایەدا نیە و بەدی ناكرێت.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا هێندێ ‌بەخشنامە و ئایین نامە لەبواری پزیشكیەوە بۆ پارێزگای ئیلام دیاری و پەسند كراوە، بەڵام هیچ كام لەو بەڵێنی و بڕیارنامانە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە و هاووڵاتیانی بەنیسبەت بڕیارەكانی لێپرسراوانی پارێزگاكە زۆر بێ‌متمانە كردووە.
لەسەفەرە ئوستانییەكانی دەوڵەتی نۆیەم و دەیەمی رێژیمی ئێران بۆ ئەو پارێزگایە بۆ جارێكی دیكەش هێندێ‌بەڵێنی بێ‌بنەما بە خەڵكی پارێزگای ئیلام درا و یەك لەوان هێنانی پزیشكی جەراح و پسپۆڕ بوو، دیارە هەر چەند جارێك پزیشكی پسپۆر سەردانی ئەو پارێزگایە دەكەن، بەڵام ئەوەی كە بۆتە كێشەی سەرەكیی هاووڵاتیانی پارێزگای ئیلام ئەوەیە كە ئەو جەراح یان پسپۆڕانە بۆ ماوەیەكی كاتی لەوێ‌دەمێنەوە و دواتر ئەوەی بەجێ‌دێڵن.
هاووڵاتیانی ئەو پارێزگا كوردنشینە سەرەڕای ئەوەی كە داهاتێكی ئەوتۆیان نیە و زۆربەی خەڵكەكەش بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، ناچارن نەخۆشەكان بۆ شارەكانی وەكوو تاران و ئیسفەهان ببن و ئەوەش هەزینەیەكی زۆر بۆ ئەوان هەڵدەگرێ‌.


دروست كردنی چوار نەخۆشخانە بۆ شیعەكانی بەغدا لەلایەن ئێرانەوە

لەحاڵێكدا كە هاووڵاتیانی ئێران بەدەست كەمی نەخۆشخانە و نەبوونی پزیشك و كەلوپەلی پزیشكیەوە دەناڵێنن، رێژیمی ئێران سەرقاڵی دروستكردنی چوار نەخۆشخانە بۆ شیعەكانی عێراقە.
محەممەد حوسێن تەریقەت وەزیری تەندروستی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، یەك لەو چوار نەخۆشخانەیە لەكەربەلا تەواو بووە و رادەستی لێپرسراوانی عێراقی كراوە.
ئەو چوار نەخۆشخانەیە بە سەرجەم كەلوپەلەكانیانەوە بۆ شیعەكانی عێراق دروست دەكرێن.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستۆتە روو، رێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین پزیشكی بەمەبستی چارەسەریی نەخۆشەكانی عێراق رەوانەی بەغدا و كەربەلا كردووە.
ئەمانە لەحاڵێكدان كە خەڵكی ئێران بەدەست بێ‌ئیمكاناتی و نەبوونی كەلوپەلی پزیشكیەوە دەناڵێنێ ‌و چوونە سەری نرخی دەوا و دەرمانەكانیش بڕستی لەخەڵكی بڕیوە و پارێزگاكانی كوردستانی ئێرانیش لەگەڵ ئەو كێشانە بەرەوروون.