کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستانی رۆژهەڵات + وێنە

18:42 - 3 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا:سەرەڕای زەخت و گوشارەکانی هێزە ئەمنیەتییەکان، لەبەشێکی بەرچاو لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران رێز لە رۆژی نەورۆز گیرا.

کرماشان

لە شاری شائاباد سەربە پارێزگای کرماشان رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بووەوە.

رێوڕەسمی نەورۆز لە شارستانی شائاباد لە کاتێکدا بەڕێوەچوو، رێژیمی ئێران مۆڵەتی بەڕێوە بردنی ئەو رێوڕەسمەی بە چالاکانی فەرهەنگی نەدابوو، بەلام هاووڵاتیان لە شارستانی شائابادی ئەو جێژنەیان بەرز و پیرۆز راگرت.

پرسی نەتەوەیی و زەق بوونی ئەو پرسە لە لایەنە گرینگەکانی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە کرماشان بوو.

سەرپێڵی زەهاو

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو و بڵاو کردنەوەی تراکت و پووستێر، پێشوازییان لە نەورۆز کرد و جێژنە نەورۆزەیان لە خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کرد.

ناو مەیدانچە، شەقامی بەناوی خومەینی، شاعەباسی، چوارڕێیانی بن ئیسحاق، ترمیناڵ، گوندی زەعفەران، بانکی گەورەی سەرپێڵ ئەو شوێنانە بوون کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوەچوو.

پاوە

لە شاری پاوە و دەوروبەری سەرەڕای زاڵ کردنی دۆخی ئەمنیەتی لە زۆربەی بەرزایی‌یەکانی ئەو شارە ئاگری نەورۆز لەلایەن لاوانی نیشتمانپەروەرەوە هەڵکرا. هەروەها لە نێوشاریشدا لە جادەی کەمەربەندی و جادەی قەڵادزێ ئاگری نەورۆز کرایەوە و لاوان بە شایی و هەڵپەڕكێ نەورۆزیان پیرۆز کرد.

لاوانی نەورۆزپارێزی شاری نۆدشەش بە گرد بوونەوە لە شوێنێک بەناوی مەسوورا بە شایی و هەڵپەڕکێ ئەو بۆنە نەتەوەیەیان بەرز راگرت.

نەوسوود

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لاوان و خەڵکی نیشتیمانپەروەری نەوسوود لە مەیدانی مەولەویی ئەو شارە ئاگرێکی گەورەیان کردەوە و هەتا درەنگانی شەو بە هەڵپەرکێ و شایی رێورەسمی نەورۆزیان بەڕێوەبرد.

خەڵکی نەوسوود لە شوێنێک بە نێوی پاسگای پەرچەم لە ٥ کیلومتری شاری نەوسوودەوە بە کردنەوەی ئاگر و لێدانی مووسیقا و هەڵپەرکێ بە پیری ساڵی نوێ کوردی و نەورۆزی چوون و هەتا درەنگانی شەو بە گۆرانی و هەڵپەرکێ نەورۆزیان پیرۆز کرد.

سنە

شاری سنەش لە رۆژانی نەورۆزدا بە توندی ئەمنیەتی بووە و لە گەردەنەی سەڵوات ئاوا پشکنین بە شێوەیەکی توند ئەنجام دراوە و بە خەیاڵی خۆیان ویستوویانە پێش بە بەڕیوەچوونی جێژنی نەورۆز بگرن.

مەریوان

سەرەڕای گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پێشگیری لە بەڕێوەچوونی ئاگری نەورۆز، لاوانی گوندی نێی نەورۆزپەروەر بە شکۆیەکی بێ‌وێنە و بە بەشداریی نزیک بە ٢٥ هەزار کەس، جێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.

مەیدانی فووتباڵی گوندی نێ شوێنێ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ بوو کە بەشێوەیەکی جوان رازابووەوە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەریش بۆ بەشداری کردن بانگهێشت کرابوون.

پێش بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە هێزی دەست و پێوەندیی رێژیمی ئێران هاتبوونە نێو شوێنی رێوڕەسمەکە و وێڕای شکاندنی کەلوپەلەکان، هێندێ کەلوپەلی دیکەشیان زەوت کردبوو.
لەم پێوەندییەدا شایەتحاڵیک رایگەیاند، رێژیم بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک هەموو هەوڵەکانی خۆی خستبووە گەڕ هەتا پێش بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی نێدا بگرێت.

لە رێوڕەسمی ئاگری نەورۆزی گوندی نێدا، گرووپی مووزیکی رێوڕەسمەکە لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران.
ناوی ئەو کەسانەی کە گرووپی مووزیک گوندی نێیان دەسبەسەر کرد و هەروەها ئەوانەی کە رێورەسمەکەیان شێواندبوو، لای ماڵپەڕی کوردستان میدیا پارێزراوە.
ئەم رێوڕەسمە بە کردنەوەی ئاگر و خوێندەنەوە سرودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و کۆمەڵێک سروودی دیکەی شۆڕشگێڕانە، کۆتایی پێهات.
لاوان و خەڵکی گوندی میانەی شاری مەریوانیش لە هەر چوار دەورەی ئاواییدا ئاگری نەورۆزیان هەڵکردبوو و بە هەڵپەڕکێ و شایی لە چەندین شوێندا ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد.
هەروەها لە گوندی سەردۆشی مەریوان بە دانی دروشمی شۆڕشگێڕانە و هەڵپەڕکێ، ئاگری نەورۆز هەڵکراوە و هاووڵاتییان نەورۆزیان لە یەکتر پیرۆز کردووە.
لە گوندی ساراڵ، بە شکۆیەکی فراوان ئاگری نەورۆز هەڵکراوە و ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش لەو درەفەتەدا ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هەڵکرد کە هەتا رۆژی دواتر دەشەکایەوە.
لە گوندی دەرەکێی سەربە ناوچەی هەورامانیش ئاگری نەورۆز لە لووتکە بەرزەکانی ئەو گوندەدا کرایەوە و لاوانی ئەو گەندە وەکوو هەموو ساڵێک لە گەڕەکی هەوشوبارانی بە سازدانی رێوڕەسمی شایی و هەڵپەڕکێ ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەیان بەرز راگرت.
هەروەها لە گوندەکانی دزڵی، بارام ئاوا، زەکریان و زەڵکە ئاگری نەورۆز وێڕای هەڵپەڕێکێ و شایی هاووڵاتییان بەڕیوەچوو.
لە گوندەکانی چۆڕ و نەنەش بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەرین بە بەشداری و کوڕان و کچانی نەورۆزپەروەر ئاگری نەورۆز کرایەوە.
دیواندەرە

گوندەکانی کەوڵە، گوڵانە و زاغە ئاگری پیرۆزی نەورۆز کراوەتەوە.

بانە

ئاربابا، هەموو گەڕەکانی ناوشار، پشتی ساوان، شاخەگەورەی پشتی قایی بەرد و بەرزایی‌یەکانی میراوا و سەرقوول ناوی ئەو شوێنانەیە کە خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری بانە تێیدا بە هەڵکردنی ئاگر و خۆشی و شایی جێژنی نەتەوەیی نەورۆیان بەرز راگرت.

بۆکان

بەرزایی‌یەکانی شاریکەند و قەرەگوێز بەبۆنەی چوارشەممە سووری ئاگری نەورۆز هەڵکراوە.

هەروەها لە شاری بۆکان کاتژمێر ١٠ی شەو شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی رێژیمدا هاتووەتە ئاراوە. هێزەکانی رێژیم ویستوویانە پێش بە بەڕێوەچوونی نەورۆز لە شاری بۆکاندا بگرن.

لەم هێرشەدا هێزەکانی رێژیم هێرشیان کردبووە سەر خەڵک و بە مەبەستی بڵاوە پێ کردنی خەڵک، تەقەیان کردبوو.

شنۆ

رێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە پارکی جەنگەڵیی شاری شنۆ بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و شایی و هەڵپەڕکیی هاووڵاتییان ئەو شارە بەڕیوەچووە.
لە گوندەکانی سینگان، بێمزوورتێ، کانی سۆرک، شاوانی و رەندۆڵە و ژمارەیەکی دیکە لە گوندەکانی دەوروبەری شاری شنۆ ئاگری چوارشەممە سووری هەڵکراوە.
پیرانشار

کۆنە خانێ، کانی‌توو، جەڕان، سوغانلوێ، رکاوێ، کاسەکەران، بادیناوێ، قەڵاتەڕەش، گرد رەحمەت، کانی ئەشکەوتان، میشەرێ و هەنگەوێ، سەرەڕای ئەوەی کەلە رێگای جۆراوجۆرەوە بە خەڵکیان راگەیاندبوو کە ئیزنی بەڕیوەبردنی رێوڕسمی نەورۆزیان نییە، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچە بە هاتنی چوارشەممە سووری و نەورۆز بەبێ گوێدان بە بڕیاراتی رێژیم، ئەو جێژنەیان پیرۆز کرد و هەروەها لە زۆربەی بەرزایی‌یەکان ئاگریان کردەوە.

سەردەشت

لە شاری سەردەشت وێڕای هەبوونی دۆخی ئەمنیەتیی توند، نەورۆز لە رەبەت و دەوروبەری بەرز راگیرا و تەنانەت لە شاری میاندواوەوە هێز بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک هێنرابووە شاری سەردەشت.

ورمێ

ئیوارەی رۆژی پێنج‌شەممە خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، خۆیان بۆ بەڕیوەبردنی جێژنی نەورۆز ئامادە کردبوو، بەڵام لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعات و هێزەی ئینتزامیی رێژیمەوە هەڕەشیان لێ کرا کە نابێ ئەو رێوڕەسمانە بەڕێوەبەرن.
لاوانی نەورۆزپەروەری مەرگەوەڕ، سەرەڕای ئەو هەڕەشانە، دەستیان بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە کرد و هێزەکانی رێژیمیش هەوڵی بڵاو پێکردن و شێواندنی رێوڕەسمەکەیان دابوو.
لە گەلی بەند، سەیرانگای قاسملوو و گەلی قشڵاق هێزەکانی رێژیمی لە هەوڵی چاوترسێن کردنی خەڵکدا بوون هەتا بەو شێوەیە پێش بە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لەو ناوچانەدا بگرن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لاوان و خەڵکی نیشتمانپەروەر و نەورۆزپەروەر بە شێوازی جۆراوجۆر شایی و جێژنی خۆیان بەڕێوە برد.