کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ دۆخی ناڵەباری پزیشكی لەپارێزگای ئیلام

17:28 - 7 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام سەرەڕای ئەوەی كە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی رووداوی جۆراوجۆری وەكوو، هەوڵدان بۆ خۆكوژی، رووداوی هاتووچۆ و وردیلەكانی تۆز و خۆڵ دایە، بەڵام كەمترین ئیمكاناتی پزیشكی و دەرمانی هەیە.

كەمی ئیمكانات و كەلوپەلی پزیشكی لەپارێزگای ئیلام خەڵكی نیگەران و سەر لێ‌شێواو كردووە و هاووڵاتیان ناچارن بۆ دابین كردنی دەرمان و چارەسەریی پزیشكی روو لەپارێزگاكانی دیكەی ئێران بكەن، ئەمانە لەحاڵێكدان كە لەپارێزگای ئیلام نەخۆشخانە وەكوو بینا بوونی هەیە، بەڵام بەوتەی هاووڵاتیانی ئیلامی نەبوونی لە بوونی باشتر بوو.

بوونی نەخۆشخانە بە كەلوپەل و هێزی كار و كادری دەرمانی پێویست رەنگی نەخۆشخانە بە خۆیەوە دەگرێ‌و ئەوە لەبەشێك لەنەخۆشخانەكانی ئەو پارێزگایەدا نیە و بەدی ناكرێت.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا هێندێ‌بەخشنامە و ئایین نامە لەبواری پزیشكیەوە بۆ پارێزگای ئیلام دیاری و پەسند كراوە، بەڵام هیچ كام لەو بەڵێنی و بڕیارنامانە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە و هاووڵاتیانی بەنیسبەت بڕیارەكانی لێپرسراوانی پارێزگاكە زۆر بێ‌متمانە كردووە.

لەسەفەرە ئوستانییەكانی دەوڵەتی نۆیەم و دەیەمی رێژیمی ئێران بۆ ئەو پارێزگایە بۆ جارێكی دیكەش هێندێ‌بەڵێنی بێ‌بنەما بە خەڵكی پارێزگای ئیلام درا و یەك لەوان هێنانی پزیشكی جەراح و پسپۆڕ بوو، دیارە هەر چەند جارێك پزیشكی پسپۆر سەردانی ئەو پارێزگایە دەكەن، بەڵام ئەوەی كە بۆتە كێشەی سەرەكیی هاووڵاتیانی پارێزگای ئیلام ئەوەیە كە ئەو جەراح یان پسپۆڕانە بۆ ماوەیەكی كاتی لەوێ‌دەمێنەوە و دواتر ئەوەی بەجێ‌دێڵن.

هاووڵاتیانی ئەو پارێزگا كوردنشینە سەرەڕای ئەوەی كە داهاتێكی ئەوتۆیان نیە و زۆربەی خەڵكەكەش بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، ناچارن نەخۆشەكان بۆ شارەكانی وەكوو تاران و ئیسفەهان ببن و ئەوەش هەزینەیەكی زۆر بۆ ئەوان هەڵدەگرێ‌.

4902.jpg


شارستانەكانی مەلەكشاهی ،شێروان و بەدرە لە بوونی نەخۆشخانە بێبەرین

مەلەكشاهی، بەدرە و شیروان بەدەست نەبوونی نەخۆشخانەوە دەناڵێنن و ئەو پرسە بۆتە كێشەیەكی زۆر جیدی بۆ هاووڵاتیانی ئەو شوێنانە و دانیشتوانی ئەو سێ‌شارستانە نەخۆشەكانیان بۆ چارەسەریی پزیشكی بۆ ناوەندی پارێزگا و زۆر جاریش بۆ شارەكانی دیكەی ئێران دەبن.

هەتا ئێستا چەندین حاڵەت هاتۆتە پێشێ‌كە نەخۆشەكان بە هۆی راگواستن و رەوانە كردنیان بۆ شارەكانی دیكەی ئێران لەرێگا گیانیان لەدەست داوە.

تەنانەت پارێزگای ئیلام لەبواری ئازمایشگاشەوە بەبەراورد لەگەڵ پارێزگا فارس نشینەكان زۆر بێبەری كراوە. كاتێك كە نەخۆشەکای ئەو پارێزگایە ئازامایشەكانیان بۆ پزیشكەكانی شاری تاران دەبن، بەناچاری دەبێ‌ئەو ئازمایشانە دووبارە بكەنەوە.

دووبارە كردنەوەی ئەو ئازامیشانە بۆ نەخۆشەكان هەزینەیەكی زۆر هەڵدەگرێ‌و بەشێك لەهاووڵاتیانی پارێزگای ئیلام لەژێر تێچووی زۆری هەزینەی پزیشكی پشتیان چەماوەتەوە.

خەڵكی پارێزگای ئیلام بەیەكێك لەبێبەریترینەكانی ئێران دێنە ئەژمار و لەبواری بێكاریشەوە پارێزگای ئیلام پلەی سێهەمی لەئاستی ئێراندا هەیە.