کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ زەخت و گوشارەکان بۆسەر خەڵکی شاری مەریوان بەردەوامە

22:29 - 19 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: داخستنی ژمارەیەک لە کافی‌نێتەکان و پشکنینی مۆبایلی هاووڵاتییانی شاری مەریوان دۆخی ئەمنیەتیی ئەو شارەیان زیاتر ئاڵۆز کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە رێکەوتی ١٥ی رەشەمەوە سێ کافی‌نێتی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بەهۆی هاوکاری نەکردنی خاوەنەکانیان لەمەڕ دانانی سیستمی کامێرای چاودێری داخراون.
زەخت و گوشاری هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆسەر خەڵکی مەریوان بەردەوامە و ژمارەیەک کافی‌نێت لەو شارە بە هۆی دانەمەزراندنی دووربینی چاودێری، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە داخران.
هاووڵاتییەک بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: هێزەکانی رێژیم بە خاوەن کافی‌نێتەکانیان راگەیاندووە، هەتا دووربینی چاودێری لە دووکانەکانیان دانەمەزرێنن ئیزنی کردنەوە و چالاکییان پێ نادەن و تەنیا سێ دووکان دووربینیان دانەمەزراندبوو کە ئەوانیش داخران.
ئەم کارەی هێزەکانی رێژیم لە درێژەی سەرکوت و بە میلیتاریزە کردنی زیاتری خەڵکی شاری مەریوان هاتووەتە ئاراوە.
پشکنینی ژمارە تەلەفوونی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە لە مەریوان

کاتژمیر ٦ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەمە هێزەکانی یگان امدادی شاری مەریوان لە دەوروبەری مەیدانی باوە رەشی دەستیان دابووە پشکنینی هاووڵاتییان و دواتر چەندین تەلەفوون مۆبایلی هاووڵاتییانیان پشکنی.

هاووڵاتییەکی شاری مەریوان لەم پێوەندییەدا وتی: هێزەکانی رێژیم و لیباس شەخسییەکان لە مەیدانی باوە رەشییەوە هەتا چوارڕێیانی شەبڕەنگیان تەنیوە و دۆخی ئاسایش و ئەمنیەتیی دانیشتوانی ئەو شارەیان ئاڵوز کردووە.
ماوەی چەند هەفتەیە رێوشوێنی توندی ئەمنیەتیی شاری مەریوان گیراوەتە و بەوتەی ژمارەیەک هاووڵاتی ئەم هەوڵانەی هێزەکانی رێژیم پاش تیرۆری کۆنە ئەندامێکی سپای پاسداران و لە بەرەبەری هاتنی جێژنەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆز و بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی کوردستان ئەو کارانە ئەنجام دەدرێت.
لەم چەند هەفتەیەی دواییشدا شارەکانی سنە و قوروەش بە توندی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندی میلیتاریزە کرابوون.