کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ سیمینارێك بەكۆڕگێڕی ئیسماعیل بێشكچی نووسەری تورك لەهەولێر بەڕێوە چوو

00:01 - 9 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: دەزگای خێرخوازی بارزانی سیمینارێكی بۆ ئیسماعیل بێشكچی رووناكبیر و نووسەری بەناو بانگی تورك لەهۆڵی روشنبیری زانكۆی سەلاحەدین لەشاری هەولێر پێكهێنا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەسەرەتای سیمینارەكە كە رێكەوتی ٧ی بانەمەڕ بەڕێوە چوو، بێشكچی تیشكی خستە سەر شەڕی نێوان عوسمانی و سەفەوییەكان كە لە رێككەوتنی زەهاودا لەسەدەی ١٧دابەش بوونی فەرمی كوردستانی بە دوو پارچە لێكەوتەوە. دواتر باسی لەشەڕی ساڵی ١٨٢٣ی نێوان ئیمپڕاتۆری عوسمانی و رووسیەدا كرد كە پارچەیەكی كوردستان بە رووسیەی ئەو كات لكێندرا و هەروەها ئاماژەشی بە سەردەمی دوای شەڕی یەكەمی جیهانی لەساڵی ١٩٢٠دا كرد كە سەر لەنوێكوردستان بە سەر چوار پارچەدا دابەشكرا.
ئەو نووسەرە توركە لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەسەر پێراوەستان و بەردەوامبوونی كوردەكان لەخەبات لە هەر كام لەبەشەكانی كوردستان كرد و لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە شۆڕشەكانی شێخ مەحموود، شێخ سەعید، سەید رەزا، قازی محەممەد و كۆماری كوردستان و شۆڕشی بارزان كرد.

ئەو رووناكبیرە توركە پڕژایە سەر پیلان و رۆڵی زڵهێزەكانی وەك بریتانیا و فەرانسە بۆ پشتگیری لەتورك و فارس و عەرەبەكان لە دژی نەتەوەی كورد و پارچە پارچە كردنی كوردستان و وتیشی: كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەهەمبەر ئەو رووداوەاندا بێدەنگ بووە و ئەوەشی خستەرو ئەو كۆمەڵگایە پاڵپشتی لەوڵاتانی داگیركەری كوردستان كردووە.

ئیسماعیل بێشكچی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە ژێنۆساید و كیمیابارانی هەڵەبجە و هەروەها تیرۆری دكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و بێ هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لەو پێوەندییەدا كرد و وتیشی: لەتیرۆری دكتور قاسملوودا تیرۆریستەكان بە رۆژی رووناك رێگەیان پێدرا بگەڕێنەوە ئێران و سەرەڕای هەوڵی زۆری خانمی هێلێن خێزانی د.قاسملوو، بۆ كردنەوەی دۆسیەی ئەو تیرۆرە لە دادگاكانی تاوانی ئوتریش، بەڵام بە هۆی بەرژەوەندی بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران ئەو پەروەندەییە داخرا و تاقە وشەكیان دەرهەق بەو تاوانەی دژی مرۆڤانەیە باس نەكرد و هەوڵەكانی هێلێن قاسملوویان بێئاكام هێشتەوە.



بێشكچی لەدرێژەی سیمینارەكەدا وتی: بەو شێوەیە لەسەدەی بیستەمدا كۆمەڵگای نیودەوڵەتی و وڵاتانی ئورووپایی پشتیان لە شیمیایی بارانی هەڵەبجە و ژینوسایدی كورد و تیرۆری د.قاسملوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كرد و ئەوەشی خستە روو كە ئەو كارەساتە گەورەترین غەدر لە نەتەوەی كورد بوو.

ئیسماعیل بێشكچی رایگەیاند، مادام دۆژمنان بە پارچەپارچە كردنی كورد و كوردستان چارەنووسی كوردیان لەسەدەی ٢٠دا تووشی نەهامەتی و كارەسات و غەدرێكی گەورە كرد، پێویستە كورد بە هەموو پێكهاتەكانی بە یەكیەتی خۆیان و بەردەوامی لەخەباتیان ئەو پیلانە پووچەڵ بكەنەوە.
ئەو نووسەرە بە ناوبانگەی توركە وتیشی: كوردەكان لەوڵاتانی ئورووپایی وەك ئێرانی و توركی و عێراقی دەناسرێن و تەنها لەئاڵمان حەشیمەتی كورد لەیەك میلیۆن زیاترە كە چی بە تورك دەناسرێن، بەڵام زۆر دەوڵەت كە حەشیمەتیان ناگاتە ١ملیۆن كەس وەك دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان دانیان پێدانراوە.

لەو سیمینارەدا شاندێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی بەشدار بوو.
ـ ئیسماعیل بێشكچی ساڵی ١٩٣٩ی زایینی لەدایك بووە

ـ خاوەنی بڕوانامەی دكتورای كۆمەڵناسییە

ـ لەساڵی ١٩٧١ی زایینی خراوەتە زیندان و ماوەی ١٧ ساڵ دەستبەسەر بووە

ـ ئەو نووسەرە سەرجەم بە ٢٥٠ ساڵ زیندانیی حوكم دراوە

ـ هەتا ئێستا ٣٦كتێبی نووسیوە و زۆربەیان ئیزنی چاپ كردنی پێنەدراوە و لەتوركیە ٣٤ كتێبی قەدەغە كراون

ئیسماعیل بێشكچی وەك كەسێكی رەخنەگر و ناڕازی لەدژی سیاسەتەكانی چەند دەیەی رابردووی دەوڵەتی توركیە بەرامبەر بە كورد، بووە و بە هۆیەوە تووشی ئێش و ئازارێكی زۆر هاتووە و یەكەم جارە كە سەفەری دەرەوەی وڵات دەكا
ئەو نووسەرە توركە هەتا ئێستا چەندین خەڵاتی بۆ دیاری كراوە بەڵام تەنیا خەڵاتی رۆژنامەنووسانی نوروێژی وەرگرتووە و ئەویش لەبەر ئەوە بووە كە ئەو وڵاتە چەكی بە دەوڵەتی توركیە نەفروشتووە.
ئیسماعیل بێشكچی رێكەوتی ٧ی بانەمەڕیش لەلایەن بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خەڵاتی بارزانیی پێبەخشرا.