کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەماوەی مانگی رابردوودا ١١ هاووڵاتیی لەكوردستانی رۆژهەڵات دەسبەسەر كراون

22:54 - 1 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢‌دا یازدە هاووڵاتیی كورد لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئێنتزامییەكانەوە دەسبەسەر كراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا و پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری سایتەكە، لەماوەی یەك مانگی رابردوودا ٦ هاووڵاتیی كورد لەئوستانی كرماشان، سێ‌ هاووڵاتیی لەئوستانی كوردستان و دوو هاووڵاتیش لەئوستانی ورمێ‌ بە تۆمەتی هاوكاری و ئەندامیغەتی لەحیزبە كوردییەكان و ئەمنیەتیی دەسبەسەر كراون.
پاوە

رێكەوتی ٢٤ی جۆزەردان سێ‌ هاووڵاتیی دهستانی شمشێری سەر بە پاوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر كران.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەو سێ‌ هاووڵاتییە شاخەوان بوون و لەكاتی گەڕانەوەیان لەچیای شاهۆ لەشوێنێك بەناوی تەپەی دوریشان لەنزیک ئاوایی شمشێر دەسبەسەر كران.
سنە

هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانی شاری سنە رێكەوتی ٢٥‌ی جۆزەردان، هاووڵاتییەكیان بەناوی هیوا غەریبی دانیشتووی گەڕەكی شارەكی بەهاران دەسبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار رایانگواستووە.

هیوا غەریبی چالاكی كرێكاری بوو و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆرتە هۆكاری دەسبەسەركرانی ئەو چالاكە كرێكارییە دیار نیە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ١٤ی جۆزەردان هاووڵاتییەكی دیكەی سنەیی بە زەبری لێدان و كوتان لەمەیدان ئازادی ئەو شارە دەسبەسەر كرا.
دێولان

لەدرێژەی دەسبەسەركردنەكان لەكوردستان، رێكەوتی ١٨ی جۆزەردان هاووڵاتییەك بەناوی خالید فەتحی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە دەسبەسەر كرا.

خالید فەتحی تەمەن ٢٠ ساڵ و كوڕی رەشیدە و هێزە ئیتلاعاتییەكان بەتۆمەتی ئەمنیەتیی دەسبەسەریان كردووە.
كرماشان

دوابەدوای ناڕەزایەتیی دەربڕینی یارسانەكان و هاتنە سەر شەقامەكان، دوو هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یاری بەناوەكانی مەیسەم حەیدەری و رەسووڵ كەرەمی لە ناو ماڵەكەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كران.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات چووبوونە بەردەرگای ئەو دوو هاووڵاتییە كرماشانیە و سەرەتا پێیان وتبوون لەلایەن ئیدارەی پۆستەوە هاتوون و دوای هاتنەدەری ئەو دوو هاووڵاتییە، دەسبەسەرییان كردبوون.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆرتە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە یارسانیە دیار نیە.
روانسەر

لەدرێژەی شەپۆلی دەسبەسەركردنەكاندا رێكەوتی ١٨ی جۆزەردان پاڵێوراوێكی شۆرای شاری روانسەر بەناوی وەهاب غولامی تەمەن ٢٩ساڵ و كوڕی عەلی دەستبەسەر كرا.

هۆكاری دەسبەسەركرانی ئەو هاووڵاتییە نەزانراوە.
بۆكان

هەر لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەكی دیكە لەشاری بۆكان بەناوی رەسووڵ چووپانی كە كاندیدای شۆرای شاریش بوو دەسبەسەر كرا.

رەسووڵ چووپانی نووسەر، شاعیر و ئەدیب لەشاری بۆكان بوو و هێزە ئیتلاعاتییەكان هۆكاری دەسبەسەركردنیان ئەمنیەتی راگەیاندووە.
سەردەشت

هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران لەشاری سەردەشت هاووڵاتییەكی كوردیان بەناوی ئیبراهیم جەنەتیان تەمەن 47 ساڵ دەسبەسەر كرد.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران دەسبەسەر كرابوو.

ئەو راپۆرتە بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا بڵاو كراوەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە رێژەی دەسبەسەركراوەكان لەوەش زیاتر بێت.