کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەهەر كاتژمێرێكدا زیاتر لە٢٠ نوخبە و خوێندەوار ئێران بەجێ‌دەهێڵن

22:56 - 29 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: پرسی بەجێ هێشتنی ئێران لەلایەن نوخبە و خوێندەوارەكانەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لەزیاد بوونە و بەپێی ئامارەكان ئێران پلەی یەكەمی لەئاستی دونیادا لەپێوەندیی هەڵاتنی مێشكەكان بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.
هەر چەندە لەساڵی ١٩٩٩وە و لەدوای ئاماری سەندووقی نێودەوڵەتی پووڵەوە كە ئێرانی بە وڵاتی یەكەم لەبواری هەڵاتنی مێشكەكەكان لەقەڵەم دابوو، هیچ ناوەندێكی فەرمیی لەئێران ئاماری بڵاو نەكردۆتەوە. بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەكان نزیك بە ٢٠٠هەزار کەس ساڵانە وڵاتی ئێران بەمەبەستی خوێندن بەجێ‌دەهێڵن.
بەپێی ئەو ئامارە لەئێران لەهەر كاتژمێرێكدا نزیك بە ٢٣ كەس وەكوو نوخبە و خوێندەوار روو لەوڵاتانی رۆژئاوا بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن دەكەن.
هەر لەو پێوەندییەدا قاسم ئەحمەدی یەكێك لەنوێنەرانی مەجلیسی رێژیمی ئێران وێڕای رەخنەگرتن لەسیستمی ئامووزشی ئێران، ئەو هەڵاتنەی بە خەسارێكی گەورە لە بیاڤی پەروەردە و بارهێناندا لەقەڵەم دابوو و وتبووی: ئەو دیاردەیە ئەمرۆكە بەشێوەیەكی جیدی بەرۆكی ئێرانی گرتۆتەوە.

لەلایەكی دیكەوە حەسەن حوسێنی جێگری دامەزراوەی نوخبەگان بە هەواڵدەریی مێهری راگەیاندبوو، لەماوەی ساڵەكانی ١٣٨٢ هەتا ٨٦‌ی هەتاوی ٣٠٨ كەس لە براوەكانی ئولەمپیاد و ٣٥٠ كەس لەیەكەمەكانی تاقیكاری سەراسەری، ئێرانیان بەجێ‌هێشتووە.
كارناسانی بواری پەروەردە قسەی لێپرسراوانی ئێران و نوێنەری مەجلیس بەشتێكی بێ‌بنەما لەقەڵەم دەدەن و لەو باوەڕەدان ئەو ئامارانە زۆر لەوانە زیاترە و وتنی ئەو قسانە تەنیا نیشانەی كەمتەر خەمی لەهەمبەر چارەنووسی نوخبەكانی ئێرانی دایە.

بۆ چی هەڵاتنی مێشكەكان؟

بەدیاردەی كۆچی بەربڵاوی خوێندەواران و پسپۆڕان لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە هەڵاتنی مێشكەكان دەڵێن و شارەزایان هۆكاری تایبەتیان بۆ ئەو پرسە هەیە.

5541.jpg


جیاوازی تەبەقاتی، نایەكسانی داهات و دەركەوت، نەبوونی یاسا، فەرهەنگێكی دوا كەوتووی بەڕێوەبەریی، نەبوونی هەڵی خوێندن و دواتریش بازاری كار، نەبوونی ئازادی و نادادپەروەری لە هۆكارە سەرەكییەكانی هەڵاتنی مێشكەكان لەئێرانن.

هەڵاتنی مێشكەكان لەئێران ماوەی چەند ساڵە پەرەی سەندووە و زۆربەی ئەو كەسانەی كە ئێران بەجێ‌دێڵن روو لەئەمریكا و بریتانیا دەكەن و بەوتەی شارەزایان لەوێ‌بوارییان بۆ رەخساوە و كەڵكیان لێ‌وەردەگرن.
لەئێران ئەو كەسانەی كە وڵات بەجێ‌دێڵن زۆر بەكەمی دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و بە پێی ئاماری ناوەندی زانستە مرۆییەكانی ئێران، زۆربەی ئەو كەسانەی كە ئێران بەجێ ‌دەهێڵن تەمەنیان لە نێوان ٢٢ هەتا٣٠ساڵ دایە.

٥ میلیۆن خوێندەوار لە دەرەوەی ئێرانن

سەندووقی نێودەوڵەتی پووڵ رایگەیاندووە، ئێران لەچاو وڵاتانی دیكە پلەی یەكەمی لەپێوەندیی هەڵاتنی بژاردە و چینی خوێندەوار لەئاستی دونیادا بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.
چوار هەتا پێنج میلیۆن ئێرانی كە وەكوو نوخبە و چینی خوێندەوار دێنە ئەژمار لە٢٢ وڵاتی بیانی ژیان بەسەر دەبن.
بە ریز لەوڵاتانی ئەمریكا یەك میلیۆن ٤٠٠ هەزار كەس، ئیماراتی یەكگرتوویی عەرەبی ٨٠٠ هەزار كەس، بریتانیا و كانادا هەر كام ٤١٠ هەزار كەس، ئاڵمان ٢٠٠هەزار كەس، فەرانسە ١٥٥هەزار كەس و سوید ١١٠ هەزار كەس نوخبە و خوێندەواری ئێرانی ژیان بەسەر دەبن.