کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ هەڵوێستی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەمەڕ هێرشی نیزامی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر سووریە

20:26 - 7 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا و بە زیادبوونی ئەگەری هێرشی نیزامی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر سووریە، بەرپرسانی رێژیمی ئێران پەرچەکرداری جیاوازیان لەخۆیان نیشان داوە و هەندێک لەوان هەرەشەیان لەو وڵاتانە کردووە لە ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر سوریە دژ کردەوەیان دەبێت.
حەسەن رووحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لەمەڕ ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە دەربریوە، هێرشی نیزامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکەی بە پێشێل کاری یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم‌دا و بە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر ئەمنیەتی نێودەولەتی زانیوە.
رووحانی رۆژی چوارشەممە ٦ی خەرمانانی رایگەیاندوە: \'\' خەڵکی جیهان و بەتایبەتی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەی قەبووڵ کردنی شەڕیکی تر نین لە ناوچەکەدا و هەر جۆرە هێرشێک، رووداوێکی ناخۆشی قەرەبوونەکراوە لە جیهاندا بەجێ دەهێڵێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تیرۆریست لە ناوچەکەدا.\'\'
رووحانی لە دڕیژەی وتەکانی دا زیادی کرد: دەبێت ئەو بەرپرسانەی چەکی شیمیایان بە کارهێناوە بە شێوەیەکی بێ لایەنانە پەیدا بکرێن.
ئەو وتیشی: هەرجۆرە هەنگاوێک دەبێت بۆ نەهێشتنی شەڕی ناوخۆیی و زێدەڕۆیی لە ناوچەکە و لە چوارچێوەی یاسا جیهانییەکاندا هەڵبگیرێت.
ئەو وتانەی رووحانی لە کاتێک‌دایە کەلە سەرەتای هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکانەوە لە سووریە، رێژیمی ئێران لە هەر جۆرە هاوکارییەکی بەشار ئەسەد خۆی نەبواردووە و سپای پاسداران لە کوشتن و سەرکوت کردنی خەڵکی بێدەرەتانی سوریەدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
سپای پاسدران لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی سووریە هەتا ئێستا بە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ئامادە لە سووریە دێتە ئەژمار کە بۆ مانەوە و پاراستنی رێژیمی سووریە لەو وڵاتە کاریگەری هەیە و دەیان کەس لە ئەندامانی ئەو هێزە لە سووریەدا کوژراون.
هەر لەم پەیوەندییەدا، خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران لە بارەی بەرەنجامەکانی هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە رایگەیاندوە: \'\'هەر وەک چۆن ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان تووشی خەسار و شکست بووە، لە ئەگەری هێرشی سووریە تووشی هەمان چارەنووس دەبێتەوە.
خامنەیی لە درێژەدا وتوویەتی: \'\'ئەو دەستێوەردانەی ئەمریکا بێجگە لە هەڵگیرساندنی شەڕ و دەرگیری هیچ مەبەستێکی دیکەی لە پشتەوە نیە و دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە هەر وڵاتێک دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و نەفرەتی خەڵک لەو وڵاتانە لە خۆی دەگرێت.\'\'
خامنەیی جەختی کردۆتەوە: \'\' ئەو هەوڵوێستی هێرش کردنە وەکو بڵێسەی ئاگرێک دەچێت کە لەناو ئەنبارێکی بارووتدا بێت، کە ئەنجامەکەی ناڕوونە.\'\'
هەر لەو پەیوەندیەدا، \'\' محەممەد عەلی جەعفەری\'\' فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران وتوویەتی: \'\' هێرش بۆ سووریە بە واتای نزیک بوونەوەی لە ناوچوونی ئیسرایل دێت.
ئەو جەغتی کردۆتەوە: \'\'ئەمریکاییەکان بیرەوەرییەکی ناخۆشیان لە شەڕی عێراق و ئەفغانستان هەیە و لە ئەنجامی هێرش بۆ سووریە دووجاری خراپ ترین شکست دەبن و سووریە دەبێتە کوشتارگایەکی خراپتر لە ڤێتنام بۆیان.


ئەو لە درێژەی وتەکانیدا زیادی کردووە: \'\' هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە کە پشتیوانی لە هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە دەکەن ، دەبێ بزانن کە ئەو شەڕە تەنها داوێنی سووریە ناگرێتەوە بەڵكوو هەموو ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە پشتیوانی ئە داوایە دەکەن.\'\'
ئەوە لە کاتێک دایە کە \'\'یەحیا رەحیم سەفەوی\'\' راوێژکاری نیزامی خامنەیی چەند جار جەختی لە پشتیوانی کردنی رێژیمی ئێران لە \'\'بەشار ئەسەد\'\' کردووەتەوە.
ماوەیەک پێش \'\' یەحیا رەحیم سەفەوی\'\' لە کۆبوونەوەی بەسیجەکاندا لە شاری قوم رایگەیاندبوو، هێزە نیزامیەکانیان لە سووریەدا بوونیان هەیە، کە ژمارەیان ٥٠ هەزار چەکدارە و بۆ پشتیوانی لە \'\'رێژیمی بەشار ئەسەد\'\' نێردراون.
لەلایەکی دیکەوە\'\'عەلی لاریجانی\'\' بەرپرسی مەجلیسی شواری ئیسلامی، هوشداری بە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا داوە و رایگەیاندووە: \'\'لە ئەگەری دەستپێکردنی ئاگری جەنگ لە سووریە ئەوا ئەو وڵاتانە ناتوانن کۆتایی بە شەڕەکە بێنن.\'\'
\'\'عەلی لاریجانی\'\' هەڕەشەی کردبوو: لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ لە سووریە دەبێ ئاگاداری وڵاتە نارەواییەکان (ئیسرایل) بن.\'\'
عەلی لاریجانی هاتنی وڵاتانی رۆژئاوای بۆ سووریە بە پێنانە ناو کێلگەیەکی لە مین چێندراو وەسف کردووە.
هەر لەدرێژەدا عەلی لاریجانی بەرپرسی شۆرای مەجلیسی ئیسلامی رێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرایل کرد و وتی: ئەگەر ئیسرایل دەستێوەردان لە سووریەدا بکات ئەوا دوچاری بارودۆخێکی خراپتر لە شەڕی ٣٣ رۆژەدا دەبێتەوە.\'\'
ئەوە لە کاتێكدایە کە چەند رٶژ پێش رۆژنامەی فەرانسی \'\' لیبراسیۆن\'\' لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کە رێژیمی تاران لە سەرەتای شەڕەوە لە هەتا ئێستا لە سووریە ١٧ ملیارد دۆلاری پێشکەش بە رێژیمی بەشار کردووە.
ئەو رۆژنامە فەرانسیە بڵاوی کردبووە، حیزبوڵای لوبنان بە دەستووری رێژیمی ئێران هاوکاری رێژیمی سووریە دەکات و پەیڕەوی لە سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران دەکات لەو چوار چێوەیەدا.
هاوکاری ١٧ ملیارد دۆلاریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ رێژیمی ئەسەد لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیانی ئێرانی لە ژێر فشاری قورسی گەمارۆکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
رێکەوتی ٣٠ی مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵ ، رێژیمی ئەسەد شاری \'\' زملکا\'\'ی سەر بە دیمەشق کە لە ژێر دەستی دژبەرانیدا بوو شیمیای باران کرد و لە ئەنجامدا سەدان کەس بوونە قوربانی.
ئەو هێڕشە شیمیایەی سووریە بۆ سەر دژبەرانی بووە هۆی وەڵام دانەوەی تووندی وڵاتانی رۆژئاواو ئەگەری هێڕشی نیزامی ئەو وڵاتانەی بۆ سەر سووریە زیاتر کردووە.