کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ كورتە مێژووییەك لەسەر ژیانی پێشەوا قازی لە ١١٣ هەمین ساڵڤەگەڕی لەدایك بوونیدا

23:21 - 11 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: رۆژی ١١‌ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرامبەرە لەگەڵ ١١٣هەمین ساڵڤەگەری لە دایكبوونی پێشەوای مەزن، هەوڵمان داوە بە مەبەستی وەبیر هێنانەوەی ئەو رۆژە و خستنە رووی ژیان و كەسایەتی و رۆڵی پێشەوا قازی محەممەد، ئاوڕێكی كورت لەژیانی بدەینەوە.
ژیانی قازی محەممەد، كوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەكی بە ناوبانگی شاری مەهاباد بۆ چوار سەدە لەوە پێش دەگەڕێتەوە. بنەماڵەی قازی محەممەد لەلای خەڵك جێگەی رێز و حورمەت بوون و هەر بە بنەماڵەیی زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون.
لە شەڕی یەكەمی جیهانیدا پیاوی وەك میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ لەگەڵ رووسەكان لێ شەهید بوو، كوڕە لاوەكانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەكانی رووسیەی ئەوكات دوور خرانەوە و هەتا شۆڕشی ئۆكتۆبر هەر لە دیلیدا بوون.

قازی عەلی، دوو كوڕی هەبووە، ئەبوالقاسم قازی و قازی محەممەد، ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە كە دوو دەورە لە لایەن خەڵكەوە كراوەتە نوێنەری پارلمان و جێ‌بڕوای خەڵك و كاریگەریی تایبەتی هەبووە. دوای تەواوبوونی كاری پارلەمان لەسەر راسپاردەی باوكی، بۆ راپەڕاندنی كارە سیاسییەكان و یارمەتی ‌دانی خەڵك هەر لەتاران مایەوە.

قازی محەممەدیش لەسەردەمی منداڵی و لاویدا زۆر خولیای زانست و فێر بوونی زمانە بیانیەكان بووە و جگەلە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەرانسەیی و ئینگلیزی و هەتا رادەیەكیش رووسی شارەزایی هەبووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێكەڵاوی لەگەڵ زانایانی زەمان، كەسایەتیە گەورەكان، كوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆك عەشیرەتەكان هەبووە.

ـ كارە فەرهەنگییەكانی پێشەوا


پێشەوا دوای كۆچی ‌باوكی، بوو بە دادوەر(قازی)ی شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ كاری فەرهەنگی و بردنە سەرەوەی زانیاریی خەڵك، لە ساڵەكانی بەر لە ١٩٤١و دوای ئەوەش بەرپرسایەتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئەوقافی شاری مەهابادی وەئەستۆ گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرهەنگی كردووە و لە كاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەكەم قوتابخانەی كچان لە مەهاباد كراوەتەوە.
قازی محەممەد رێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ك) هەبووە. زۆرێك لەدامەزرێنەرانی (ژ.ك) راوێژیان لەگەڵ كردووە و زۆریان خۆش ویستووە و پێشەواش بەدڵ ئاوڵەییەوە ئەندامیەتی ئەو كۆمەڵەیەی قبووڵ كردووە
هەر لەو پێوەندییەدا دوای كۆمەڵەی ژكاف كۆماری كوردستان رێكەوتی ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤هەتاوی لە شاری مەهاباد لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد لە سەدەی ٢٠دا و دوای كۆماری ئارارات دامەزرا.

لەپێش كۆماردا جاربەجارە لە رۆژنامەی كوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ كراوە بەڵام لە دوای دامەزرانی كۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێی ‌بەخشراو و ئەو ناوە هەتا ئێستاش لەنێو كۆڕ و كۆمەڵی خەڵكدا هەر باوە. پێشەوا قازی محەممەد هاوكات كە سەركۆمار بوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانیش بوو و حیزبی دێمۆكرات لەسەر ئەساسی تەشكیلاتی كۆمەڵەی ژكاف دامەزرابوو.


ـ كەسایەتیی پێشەوا


قازی محەمەد مرۆڤێكی فەرهەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و هونەر دۆست و لە هەمان كاتدا خەباتگێڕێكی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو.
وەك ئەوەی لە وەسیەتەكەیدا هاتووە، قازی محەممەد برایەتی و یەكگرتوویی كوردی پێ گەورەترین هۆی سەركەوتن بوو. هەر بۆیە لە زۆربەی وتارەكانی كە لە رۆژنامەی كوردستانی ئەوكاتدا چاپ كراون لەسەر بابەتی یەكیەتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەركەوتن و كۆڵەكەی راگرتنی كۆمار و هۆی سەركەوتن بەسەر دوژمنانیدا زانیوە.
هەرچەند دەیزانی دوژمنەكانی كورد راست ناكەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە راشكاوی رایدەگەیاند كورد حەز دەكا لە رێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بكرێ دەیكا.
٦٦ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی١٠ی خاكەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی محەمەد سەركۆماری كوردستان، محەمەد حوسێنی سەیفی قازی وەزیری بەرگریی كوردستان و جێگری سەركۆمار و ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد، دوای دادگایییەكی فەرمایشی و داخراو بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا و ستادی ئەرتش لە مەیدانی چوارچرا ئەو شوێنەی كە كۆماری كوردستانی تێدا راگەیەنرا، لە سێدارە دران .

مەسەلەی بە فەرمی ناودێر كردنی ١٠ی خاكەلێوە وەك رۆژی شەهیدانی هەر چوار بەشی كوردستان لەمێژە لەلایەن حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانەوە هاتۆتە گۆڕێ‌و لە دووهەمین و سێهەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی كوردستان ئەم پرسە خراوەتە بەرباس و پێشنیار كرا لە دووتوێی پێشنیارەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی لاواندا رەوانەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بكرێت.

ئا: هێرش کەریمی