کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ \"كوژران لەپێناوی ژیان\"، لەماوەی سێ‌مانگدا ٣٩ كۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامیەكان بوونەتە قوربانی

22:34 - 31 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، ٣٩ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوژراو و بریندار كراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٧كۆڵبەری كورد كوژراون و ٢٢ی دیكەش بریندار بوونە. بە گشتیی ئەو كۆڵبەر و كاسبكارانە خەڵكی شارەكانی بۆكان، سەردەشت، بانە، مەهاباد، نەوسوود، سەقز، ماكۆ، ورمێ‌، پیرانشار، پاوە و مەریوان بوونە.
ئەو كۆڵبەر و كاسبكارانە لەمانگەكانی خاكەلێوە، بانەمەڕ و جۆزەرداندا لەناوچە سنوورییەكان گیانیان لێ‌ئەستێنراوە و لەكۆی گشتیی ئەو ١٧ كۆڵبەر و كاسبكارە كوژراوە، ٤ كەسیان بە رووداوی هاتووچۆ و تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە.
بە ریز لەمانگی خاكەلێوەدا ٩ كەس، بانەمەڕ ١٤ كەس و جۆزەردان ١٦كەس كوژراو و بریندار بوونە و مانگی جۆزەردان بە ٧كۆڵبەری كوژراو زۆرترین رێژەی كوژرانەكانی بەبەراورد لەگەڵ مانگەكانی دیكە لەوەرزی بەهاردا هەیە.
مانگی بانەمەڕیش بە ١٠ كۆڵبەر و كاسبكاری بریندارەوە، زۆرترین رێژەی برینداری لەچاو مانگەكانی دیكە هەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا شاری سەردەشت زۆرترین رێژەی كوژران و بریندار بووانی كۆڵبەر و كاسبكارانی لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستاندا هەیە، بەچەشنێك كە ١١ كەس لەقوربانییەكان خەڵكی ئەو شارەن.
شاری بۆكان لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستان زیاترین رێژەی كوژرانی هەبووە، و ٤ كەس لە كۆڵبەر و كاسبكارانی كوژراو خەڵكی بۆكانن.
تەمەنی ئەو كەسانەی كە لەپێناو بژێوی ژیانیاندا بوونەتە قوربانی بە شێوەی نێونجی لەنێوان ٢٠ هەتا ٣٥ ساڵدایە.

ئەو كۆڵبەرانە لەحاڵێكدا بوونەتە قوربانی كە خەڵكی زیاتر لەوەرزی بەهاردا بەمەبەستی خۆشی و سەیران روو لەدەرەوەی شارەكان دەكەن و بە شادییەوە كەڵك لە سەرسەوزی وڵات، ئاو، رووبار و كانیاوەكان كە زیاتر لەو وەرزەدا دەژێنەوە وەردەگرن، بەڵام بنەماڵەی كۆڵبەران لەباتی چێژ وەرگرتن لەبەهار، دەبێ ئەژنۆی خەم و ماتەمینی لەباوەش بگرن.


ئەو كۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەكەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانیان.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەساڵی ١٣٩١ی هەتاوییدا ١٣٧ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوژراو و بریندار بوون.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٨١ كەس كوژراون و ٥٦ی دیكەش بریندار بوون.

راپۆرت/ هێرش كەریمی