کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێران

18:13 - 11 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: ژماری ژنانی سەرپەرەستی بنەماڵە لە ئێران رووی لە زیادبوونە و ئەمەش لە کاتێک دایە کە دۆخی ئابووری و گوزەرانی ژیانی ئەو بنەماڵانە کە ژنان سەرپەرستییان دەکەن، نالەبارە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، چەند ساڵێکە کە چالاکانی کۆمەڵایەتی لەهەمبەر چوونەسەری رێژەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێران و زیادبوونی رێژەی هەژاریی ئەو بنەماڵانە هوشداری دەدەن.
\'\'ژنانی سەپەرستی بنەماڵە\'\' بەو ژنانە دەوترێ کە بەبێ بەشداریی و هەبوون و یارمەتی مێردەکانیان ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیانیان لە ئەستۆ دایە و بڕیار بۆ ژیان و تێکڕای کاروبارە ماددی و مەعنوویەکانیان دەدەن.
ئەو ژنانەی کە مێردەکانیان بە هەر هۆکارێک لە دەست داوە، یان توانای بەڕێوەبردنی بنەماڵەکەیان نییە، لەگەڵ کێشەگەڵێکی زۆری وەکوو کێشەی ماڵی و ئابووری بەرەوڕوو دەبنەوە. هەندێک لەو ژنانە رادەی خوێندەوارییان کەمە، یان شارەزایی‌یەکی ئەوتۆیان لە کارێکدا نییە کە بتوانن کارێکی شیاو بدۆزنەوە، هەربۆیە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەست بۆ هەندێک کار دەبەن کەلە کۆمەڵگا بە کارێکی دزێو هەژمار دەکرێت.
نەبوونی فەزای ژینگەی بنەماڵە، کەمیی کات لەمەڕ پێڕاگەیشتن بە بارهێنانی ئەندامانی بنەماڵە و بەتایبەت منداڵان و لە ئەنجامدا زیان گەیشتن بە دۆخی دروونی منداڵان، نەبوونی سەرپەنا و مەسکەن و کەمیی داهات و هەروەها بێکاری، کێشەگەلێکن کە بەرۆکی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێراندا گرتووەتەوە.
نەخوێندەواری، ناشارەزایی لە پیشەیەکی تایبەت و دیاریکراو، نەبوونی یاسای پاڵپشتی لە بنەماڵە، روانینی دەسەڵات بۆ ژنان کۆمەڵێک کێشەی دیکەن کە ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێراندا بەڕوویان دەبنەوە.
دیاردەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە کۆمەڵگایەکی پیاوساڵاردا بە هۆی \'\'تەڵاق، کۆچی مێردەکان و هەروەها پیری و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان\'\' دێتە ئاراوە و ژنان ناچار بە سەرپەرستیی بنەماڵەکانیان دەبن.
لە کۆی گشتیی ٢١ میلیۆن و ١١٠ هەزار و ٤٨١ بنەماڵە لە ئێران کە بەپێی دوایین سەرژمیریی ناوەندیی ئاماری ئێران لە ساڵی ٩٠، سەرپەرستیی لەسەدا ١٢ی ئەو بنەماڵانە لە ئەستۆی ژنان دایە کە ٢ میلیۆن ٥٠٠ هەزار بنەماڵە لە خۆ دەگرێ کە بە بەراورد لەگەڵ ٣٠ ساڵی رابردوو، دوو قات زیادی کردووە.
لەو رێژەیە لە ژنانی سەپەرستی بنەماڵە تەنیا لەسەدا ١٨یان کاریان هەیە و باقیی ژنان سەرپەرست بێکارن.
ئەم ئامارانە ئەو ژنانە کە مێردەکانیان لە زیندان دان، یان تووشی ماددەی هۆشبەر بوون، یان لە باری جەستەیی‌یەوە لە کار کەوتوون، ناگرێتەوە.
لە ئاستی پارێزگاکاندا، پارێزگاکانی سەربە نەتەوەکانی غەیرە فارس، زیاترین پشکی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵەیان بەر کەوتووە کە پارێزگای سنه لە کوردستان لە سەدا ٩،٥ تێکڕای ژنانی سەرپەرستی بنەماڵەی لەخۆ گرتووە و بەم پێیە پلەی پێبجەمی لە ئاستی ئێراندا هەیە.
هەروەها لە باری تەمەنەوە، زۆرینەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە تەمەنی میانساڵی دان و هۆکاری زیادبوونی رێژەی ژنانی سەرپەرست لە ئێراندا هۆکاری تەڵاق و جیابوونەوە راگەیەنراوە.
لە باری خوێندەوارییەوە لە کۆی گشتیی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێران، لەسەدا ٥٥یان خوێندەوارییان نییە و لەسەدا ١٩شیان خوێندواریی سەرەتایی‌یان هەیە.
لە ئەسڵی ٢٩ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا باس لە ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە و بێ سەرپەرست کراوە کە دەبێ لەباری خانەنشین بوون، بێکاری، پیری و لە کارکەوتوویی و رووداوی لە ناکاوەوە لەلایەن تەئمینی ئیجتیماعیەیوە پاڵپشتی بکرێن و ئەمەش بە مافێکی گشتگیر لەو ئەسڵەدا باسی لێ کراوە.
هەروەها لە بەندەکانی ٢ و ٤ی ئەسڵی ٢١ی یاسای بنەڕەتی باس لە پشتیوانی لە دایکان و منداڵان بێ‌سەرپەرست دەکا و لەسەر دابینکردنی بیمە بۆ بێوەژنان و پیرەژنان و ژنانی بێ‌سەرپەرست پێداگریی کراوەتەوە.