کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ یەک ساڵ ئابووریی \"مقاومتی\"/ ساڵێک پڕ لە هەڵاوسان و بێکاری

23:00 - 7 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: گرانی، هەڵاوسان، بێکاری و هەژاریی ئەوانە پێناسەی ئابووری ساڵی ١٣٩١ لە ئێراندا بوون، ساڵێک کە بە نیگەرانی و دڵەڕواکێ‌ دەستی پێ کرد و بە قەیرانی ئابووری کۆتایی پێهات.
ئابووریی ئێران لە ساڵی ٩١دا لە ئەنجامی سیاسەتە ساویلکە، نازانستی و نادادپەروەرەکانەوە تووشی قەیرانێکی چارەسەر نەکراو بوو و کارناسانی ئابووری لەو باوەڕەدان لانی کەم بەم زوانە رێژیمی ئێران هیچ رێگا چارەیەکی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە نییە.
لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە قسەکانی لێپرسراوی بانکی ناوەندی رێژیمی ئێران بکەین کە وتبووی: ئابووریی ئێران لە ساڵی ١٣٩١دا لە ناڵەبارترین دۆخی خۆی دایە، مەحموود بەهەمەنی لە حاڵێک دایە ئەو قسەی وتووە کە پێشتریش بارودۆخی ئابووری ئێرانی بەشەعبی ئەبی تالب لە قەڵەم دابوو.
ئەمانە لەحاڵێک دان کە خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران ساڵی ١٣٩١‌ی بە پشتیوانی لە بەرهەمهێنان و کار و سەرمایەی میللیی ناودێڕ کردبوو.
لەو ساڵەی کە تێپەڕی گرانیی و هەڵاوسان وای کرد کە توانای کرینی شتومەک لەلایەن هاووڵاتییانە بگاتە نزمترین ئاستی خۆی و سفرەکانی خەڵکی رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرەو چکۆلە بوون رویشتن.
ئاماری بانکی ناوەندی دەرخەری ئەوەیە کە کە نرخی هێندی شتومەک لە ساڵی ١٣٨٤ـەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوی ٤ قات زیاد بوون بە خۆیەوە ببینێت و هەر لەو ماوەیەشدا نرخی هەڵاوسان ٢٨١% بەرز بوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
لە ساڵی ١٣٩١دا بانکی ناوەندی و دەوڵەت بەتایبەت پاش جێبەجێ‌ کردنی گەمارۆکان لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە، تووشی کێشە و ئاریشە بوون، چونکە هەم فرۆشی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ارزی رێژیمی ئێرانە کێشەی بۆ هاتۆتە پێش و هەمیش گواستنەوەی پارەی فرۆشی نەوت بۆ ناوخۆی وڵات ئەستەم و بەرتەسک کراوەتەوە.
ئەو بەربەستانەی کە بۆ پارەی ئێران دروست کراون باس لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و ئاڵۆزیی ئابووری بازار بۆ ئێران لە داهاتوودا دەکات. کاتێک کە ارزی موسافیرتی لابرا، کاتێک کە دەوڵەت ویستی شەپۆڵی یەکەمی چوونە سەری پارەی دەرەکی لە بازار کونترۆڵ بکات و بەو کارە ویستی کێشەکان لە خۆی دوور بخاتەوە و خستیە پاڵ کەسانێک کە بە وتەی ئەوان لە هەوڵی دروست کردنی قەیران دان، دەبێ‌ چاوەڕوانی ئاوەها رۆژێکی رەشیشمان هەبێت.
سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت و بانکی ناوەندی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ارز (پارە)ی پێویستیان بە مەبەستی کۆنترۆڵی بازار لەبەر دەست دایە، پرسیارەکە لێرە دایە کە بۆ ئەو بازارە شێوا و ئابوورییە پڕۆکێنەرە کۆنترۆڵ ناکەن، بەڕای زۆربەی کارناسانی ئەو بوارە ئەو لێدوانە بێ‌ بنەمایانە تەنیا فریودانی هاووڵاتییان و ساڕێژ کردنی کاتیی برینی قوولی ئابووریی لێکترازاوی ئەو وڵاتەیە.

4206.jpg


هەنووکە نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا لە سەدا ٢٩یە و ئەو رێژەیە بەپێی ئابووری‌ناسان لە دوای وڵاتانی بلارووس، ئیتیوپی و ونزوئێلا پلەی چوارمی بۆ خۆی تەرخان کردووە و بەپێی ئەو خشتیە ئێران بە چوارەمین وڵات دێتە ئەژمار کە نرخی هەڵاوسانەکەی گەیشتۆتە تڕۆپک.
نرخی هێندی کەلوپەل هەر لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ـەوە جێگای نیگەرانی بوو و یەک لەوان نرخی مریشک بوو کە چوونە سەرێکی بێ‌ وێنەی بە خۆیەوە بینیی و رێژیم زۆر هەوڵی دا کە بە چەواشە کاری نرخی داببەزێنی.
دیارە ژمارەیەک کاڵای دیکەی وەک، برینج، هێلکە، میوە و روون لەو چوونە سەری نرخە بێبەری نەبوون و وای لێهاتبوو کە هاووڵاتییانی ناچار کردبوو کە رۆژانە بە مەبەستی کڕینی مریشک، یان شتەکانی دیکە لە سەفە دوور و درێژەکاندا رابوەستن.
هەنووکە خەڵکی ئێران لە دەسپێکی ساڵی ١٣٩٢دا بە مەبەستی دەرباز بوون لەو قەیرانە ئابوورییە چاویان بڕیوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی و وتووێژەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ ئورووپا.
دوو رێگا چارە کە رێژیمی ئێران لە ساڵانی پێشووش دا نەیتوانیوە تێیاندا سەرکەوتوو بێت.
ئا: هێرش کەریمی