کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/لە هەفتەیەکدا زیاتر لە ٣٠ کەس لە کوردستانی رۆژهەڵات دەسبەسەر کراون

20:03 - 20 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لانی‌کەم ٣٠ چالاکی سیاسی، کرێکاری، فەرهەنگی، ئایینی و رۆژنامەنووس لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لە کوردستانی ئێران دەسبەسەر کراون.
ماوەی یەک هەفتەیە سەردێڕی گرینگترین هەواڵی بەشێک لە میدیاکانی کوردستانی ئێران، بووەتە دەسبەسەر کرانی چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و لە ماوەی ئەم یەک هەفتەی رابردوودا ٣١ کەس دەسبەسەر کراون.

لەو ماوەیەدا مەسعوود و خوسرەو کوردپوور دوو برای چالاکی بواری مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و لە بەرپرسانی ئاژانسی هەواڵی موکریان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەسبەسەر کراون.

3989.jpg
مەسعوود و خوسرەو کوردپوور


خوسرەو کوردپوور رۆژی پینج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، وێرای پشکنینی مالەکەی بە تۆمەتی چالاکی لە بواری مافی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەسبەسەر کرا.
خوسرەو کوردپوور پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەسبەسەر کرابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا مەسعوود کوردپوور چالاکی مافی مرۆڤ ، رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ خوسرەوی برای سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادی کردبوو، دەسبەسەر کرا.
پاش دەسبەسەرکرانی مەسعوود، ئیدارەی ئیتلاعات ناوبراوی بۆ شوێنیکی نادیار راگواستووە، پێشتر ئەو چالاکەی مافی مرۆڤە لە رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٨٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە سزای یەک ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تیکابی بەسەردا سەپابوو.

3990.jpg
قاسم ئەحمەدی


قاسم ئەحمەدی یەکیکی دیکە لەو رۆژنامەنووسانەیە کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەمە، پاش بانگهێشت کردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوبوو.
قاسم ئەحمەدی کارناسی باڵای زانستە سیاسییەکان و بەرپرسی پێشووی وەرزنامەی رۆژەڤ بوو.
رەش بگیریی چالاکانی فەرهەنگی لە پاوە بەردەوامە
رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، ٥ چالاکی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە بەناوەکانی قانیع حاتەمی، محەممەد نیگاری، بابەک عەبباسی، موعتەسەم شافیعی و جەهانبەخش ئەحمەدی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە دەسبەسەر کراون و تێکڕای کەلوپەلی شەخسی و کەیسی کامپیۆتێریەکەشیان زەوت کراوە.

3983.jpg
قانیع حاتەمی، محەممەد نیگاری، بابەک عەبباسی، موعتەسەم شافیعی و جەهانبەخش ئەحمەدی


هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو چالاکانە بڵاو نەبووەتەوە.
رێکەوتی ١٧ رەشەمەش هاووڵاتییەکی کورد بەناوی یاسر کاکایی خەڵکی گوندی شمشێر لەلایەن هیزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوینیکی نادیار راگوێزرابوو.
هەر لە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، لە رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی بەختیار رەسووڵی خەڵکی شاری پاوە و موختار و سەتتار ئەحمەدی خەڵکی گوندی خانەگا،بە بێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

3923.jpg
کەیهان عەزیزی و داود غەفاری


چەند رۆژ لەمەو بەریش دوو چالاکی دیکەی کورد بەناوەکانی کەیهان عەزیزی و داود غەفاری لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە بانگهێشت و بە تۆمەتی پەرچە کردار لەهەمبەر بێ‌حورمەتییەکانی ئیمام جومعەی ئەو شارە بە ناوەندە ئەدەبیەکانی ئەو شارە، دەسبەسەر کران.
بەوتەی چەند کەسێکی ئاگادار لەو مەسەلەیە، دۆخی جەستەیی و تەندروستیی کەیهان عەزیزی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات ناجێگیر بووە و بەوهۆیەشەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
فەردین رەسووڵی و بەختیار کاکایی ناوی دوو چالاکی فەرهەنگیی دیکەی شاری پاوەیە کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری پاوەوە، دەسبەسەر کراون.
هەروەها لە شاری نەغەدە ٥ هاووڵاتی بەناوەکانی، محەممەد سوهرابی تەمەن ٢٥ ساڵ، ناسر نیعمەت‌خا تەمەن ٢٩ ساڵ، کامران عوسمانی، شەهاب ئەحمەدی‌ئازەر و یووسف حاجی‌خۆش، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ریژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
شاری شنۆ لە شەپۆلی دەسبەسەر کران بێبەری نەبووە لەو شارەشدا دوو هاووڵاتی بەناوەکانی قادر داستان و رەحیم فتووحی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
رێکەوتی ١٧ی رەشەمە لە شاری سنە ٥ چالاکی کرێکاریش بەناوەکانی عەلی ئازادی، بێهزاد فەرەجوڵڵاهی، حەمید مەحموود نژاد، سەید خالیس حوسێنی و وەفا قادری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی ژنان دەسبەسەر کران.
شەپۆلی ئەم دەسبەسەر کران و ئەو رەشبگیرییانە، مامۆستایانی ئایینی و کەسانی چالاکی ئەو بوارەشەی گرتووەتەوە.

سەرچاوەکان:

ــ هەواڵدەریی کوردپا

ــ کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان

ــ ماڵپەڕی کوردستان میدیا

ــ NNS ROJ