کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی بەشێکی دیکە لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان

19:28 - 3 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، ئورمیە و سەقز، سەرەڕای ئاستەنگ و هەڕەشەی هێزەکانی رێژیم، جێژنی نەورۆز پیرۆز کرا.

مەهاباد
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە شاری مەهاباد هەزاران هاووڵاتی لە چوارڕێیانی ئازادی، چوارچرا، مەیدانی ئیستیقلال، چوارڕێیانی وەفایی و تێکڕای گەڕەکەکانی شار، بەرەو پیری نەورۆزی کوردەوای چوون و بە شایی و هەڵپەڕکێ ئەو بۆنەیان بەرز راگرت.
بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە شاری مەهاباد لە کاتێکدا بووە کە هێزەکانی رێژیم ویستوویانە پێش بە شایی و گۆڤەندی خەڵک بگرن، بەڵام هاووڵاتییان بە بێ گوێدان بە هەڕە و گوڕەشەی هێزەکان، ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەیان بەرز راگرت و هەتا ١ی شەو بەردەوام بوون.
بۆکان

هاووڵاتییانی شاری بۆکان ویستوویانە بچنە سەر چیای کێوی رەش، بەڵام شارەوانیی ئەو شارە بەرقی پچڕاندووە و خەڵکیش سەرەڕای تاریکی و نەبوونی بەرق، لە پیرۆزکردنی جێژنی نەورۆز بەردەوام بوون.
پیرانشار

لە شاری پیرانشار هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەست و پێوەندییەکانی، چەند رۆژ پێش هاتنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز پڕوپاگەندەی مەنفییان بە مەبەستی کەمڕەنگ کردنەوە ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یە ئەنجام داوە، بەڵام سەرەڕای هەڕەشە و گوشارەکان خەڵکی شاری پیرانشار بە شێوەیەکی بەرین ئەو جێژنەیان پیرۆز کرد.
سەقز

لە شاری سەقز چەند رۆژ پێش دەسپێکی رێوڕەسمەکان هێزەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هونەرمەندا و شاعیرانیان بانگهێشت کردووە و پێیان راگەیاندوون کە ئیزنی بەشدارییان لە هیچ جۆرە رێوڕەسمێکی نەورۆزی لە کوردستاندا نییە، بەڵام بەپێچەوانەی ویستی دەزگا ئەمنیەتییەکان رێژیم، خەڵک لە شاری سەقز بە شێوەیەکی بەرین ئاگری نەورۆزیان کردەوە و ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەیان چڕوپڕتر لە ساڵانی رابردوو بەرز راگرتووە.
سێ‌ڕێیانی بەردبڕان، سێ‌ڕێیانی شەریف ئاوا، سێ‌ڕێیانی بەهارستان و گەڕەکی کەریم ئاوا، ناوی ئەو شوێنانەی شاری سەقزە کە زیاترین رێژەی خەڵک لە رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بەشدارییان کرد.
ئورمیە

ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە لە شارەکی راژان، سەرەڕای هەڕەشەی هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکان، هاتنە سەر شەقامەکان و بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز ئەو بۆنەیان بەرز راگرت.
هەروەها لاوانی ئەو ناوچەیە لە بەرزایی‌یەکان ئاگری نەورۆزیان کردۆتەوە.
لە ناو شارەکی \'\'راژان\'\'یشدا بە هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی و سەدان لاوی کورد بە وتنەوە و خوێندنی دروشم و سروودی نەتەوەیی ئەو رۆژەیان پیرۆز کرد.
هەروەها لە ناوچە مەرگەوەڕ هەزاران کەس لە رێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز کە هەتا درەنگانی شەو درێژەی کێشا، بەشدارییان کرد.