کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی حەفتانەی کوردستان میدیا لەسەر دۆخی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد

20:56 - 23 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لەماوەی حەفتەی رابردوودا ٨ حاڵەتی دەستگیری، کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمی ئێرانەوە رووی داوە.


دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد


لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
رێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەهاباد، بە ناوی \'\'یوونس مەعرووفی\'\' لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمەوە بە تۆمەتی \'\'هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران\'\' دەسبەسەر کرا. هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش لێدان و کوتانی یوونس و پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
چەند رۆژ پێشتریش، رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی ٤ هاووڵاتی کورد لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران دەسبەسەرکراون.
رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر، ٢ خوێندکاری کوردی زانکۆی ئازادی ورمێ، بە ناوەکانی \'\'فەرهاد وەفادار\'\' و \'\'فایەق عەبدوڵڵاهی\'\' لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمەوە دەسبەسەر کران.
هەروەها لە ١٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران دوو هاووڵاتی کوردیان بەناوەکانی \'\'میکاییل دەربەندی و ئیدریس دەربەندی\'\' دایە بەر دەسترێژی گولـلە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر دۆخ و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا، رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکان بە بیانووی هەبوونی کەلوپەلی قاچاخ رۆییشتوونەتە سەر ماڵی \'\'موراد ئیسماعیلی\'\' و دوای بەڕەوڕووبوونەوەیان لەگەڵ خەڵک و شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هاووڵاتییانی گەڕەک و هێزە نیزامییەکان، \'\'موراد ئیسماییلی\'\'یان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.
لە ماوەی ٧ رۆژی رابردوودا ٣ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکان و ٣ هاووڵاتی دیکەش لەلایەن ئیدارەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای پاییزی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ١٨٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
کوشتن و بریندارکرانی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد


لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٢ هاووڵاتی کوردی خەڵکی ناوچەی نەوسوود، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم کوژران و بریندار بوون.
رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی ٢ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی نەوسوود بە ناوەکانی \'\'ئیحسان پەیام و کاوان حەیدەری\'\'، کەوتنە بەر دەسترێژی گولـلەی هێزە نیزامییەکانی پاسگای \'\'ملاندەر\'\'ی ناوچەی نەوسوود و لە ئەنجامدا \'\'ئیحسان پەیام\'\' گیانی لەدەست داوە و \'\'کاوان حەیدەری\'\'ش بە تووندی بریندار بوو.
پاش هاتنە سەرکاری رووحانی، توندوتیژییەکان رووی لە زیاد بوونە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر له هاووڵاتییانی کورد که بە هۆی نەبوونی هەلی کار و بە مەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیان روو لە سنوورەکان دەکەن، بێ بەزەیی‌یانە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەدرێنە بەر دەسترێژی گولـلە و بەو هۆیەوە دەکوژرێن، یان بریندار دەکرێن.
بە پێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا ١١ کۆڵبەر و هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمەوە کوژراون و ١٩ هاووڵاتیی و کۆڵبەری دیکەش بەتووندی بریندار کراون.
راپۆرت/ ئەژین شێخی